پارێزگاری‌ سلێمانی: 15 ی مانگی حوزەیرانی داهاتو پاڵاوگەی بازیان،بەنزین بەرهەمدەهێنێت

سكرتێری‌ رۆژنامه‌وانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر لێدوانێكی‌ پارێزگار ده‌دات كه‌ رایگه‌یاندبوو 15ی‌ مانگ به‌رهه‌مهێنانی به‌نزین له‌ پاڵاوگه‌ی بازیان ده‌ست پێده‌كات.
پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌مه‌راسیمی‌ یادی‌ رۆژی‌ په‌رستاراندا به‌هرۆز حه‌مه‌ ساڵح پارێزگاری‌ سلێمانی‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیداو له‌وه‌ڵامی‌ رۆژنامه‌نوساندا سه‌باره‌ت به‌ كاتی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ به‌نزین له‌ پاڵاوگه‌ی بازیان رایگه‌یاندبوو  كه‌ تا 15ی مانگ به‌رهه‌مهێنانی به‌نزین له‌ پاڵاوگه‌كه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، به‌ڵام له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا سكرتێری‌ رۆژنامه‌وانی‌ پارێزگا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ مه‌به‌سته‌كه‌ی  پارێزگار به‌ روونی به‌ میدیاكان نه‌گه‌یشتوو میدیاكان به‌ 15ی ئه‌م مانگه‌ واته‌ مانگی ئایار بڵاویانكرده‌وه‌، به‌ڵام مه‌به‌ستی پارێزگار له‌ 15ی ئه‌م مانگه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستی15ی مانگی داهاتوو(حوزه‌یرانی 2013) ه‌ بووه‌.
هه‌ر له‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ ئاماژ به‌وه‌داروه‌ كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی دواكه‌وتنی به‌رهه‌مێهانی به‌نزین له‌ پاڵاوگه‌ی‌ بازیان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ تێستكردنی ته‌كنیكی زیاتری هێڵی به‌رهه‌مهێنانی به‌نزینی پاڵاوگه‌كه‌ بۆ دڵنیابوونی زیاتر له‌ كاركردنی‌.
ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ روونكردنه‌وه‌كه‌یه‌:
روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ سكرتێری رۆژنامه‌وانی پارێزگاری سلێمانیه‌وه‌: 
رۆژی شه‌مه‌ی 11ی ئایار، له‌میانه‌ی مه‌راسیمی رۆژی په‌ره‌ستاراندا، له‌وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووساندا به‌رێز به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگاری سلێمانی له‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانی به‌نزین له‌لایه‌ن پاڵاوگه‌ی بازیانه‌وه‌ رایگه‌یاند “ئه‌ندازیارانی پاڵاوگه‌كه‌ به‌ڵنیانداوه‌ كه‌ تا 15ی مانگ به‌رهه‌مهێنانی به‌نزین له‌ پاڵاوگه‌كه‌ ده‌ست پێی بكات” دیاره‌ مه‌به‌سته‌كه‌ی به‌رێز پارێزگار به‌روونی به‌ میدیاكان نه‌گه‌یشتوو  و و میدیاكان به‌ 15ی ئه‌م مانگه‌ واته‌ مانگی ئایار بڵاویانكرده‌وه‌، بۆیه‌ روونی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستی پارێزگار له‌ 15ی ئه‌م مانگه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستی15ی مانگی داهاتوو(حوزه‌یرانی 2013) ه‌ بووه‌.
هۆكاری سه‌ره‌كی دواكه‌وتنی به‌رهه‌مێهانی به‌نزین له‌ پاڵاوگه‌كه‌ له‌و واده‌ی پێشتر راگه‌یانرا، وه‌ك شاره‌زایانی پاڵاوگه‌كه‌ روونیان كردۆته‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ تێستكردنی ته‌كنیكی زیاتری هێڵی به‌رهه‌مهێنانی به‌نزینی پاڵاوگه‌كه‌ بۆ دڵنیابوونی زیاتر له‌ باش كاركردنی، له‌به‌رئه‌وه‌ی دوای ده‌ستبه‌كار بوون چاره‌سه‌ری هه‌ر گرفتێكی ته‌كنیكی تیدا ئاسته‌م ده‌بێت و كات و سه‌رمایه‌ی زۆری ده‌وێت.