(250) ملیۆن دۆلاری‌ عێراق له‌لوبنان دۆزرایه‌وه‌

ده‌سته‌ی‌ باڵای‌ نیشتمانی‌ به‌لێپرسینه‌وه‌‌و دادپه‌روه‌ری‌ عێراق ئاشكرایكرد، له‌میانی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ژماركردن‌و دیاریكردنی‌ پاره‌‌و سامانی‌ ڕژێمی‌ به‌عسدا ده‌ركه‌وتووه‌، (250) ملیۆن دۆلاری‌ عێراق له‌لوبنانه‌.
تۆڕی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ عێراق له‌زاری‌ (باسم محه‌مه‌د به‌دری‌) سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ باڵای‌ نیشتمانی‌ لێپرسینه‌وه‌‌و دادپه‌روه‌ری‌ عێراق به‌وه‌كاله‌ته‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ده‌سته‌كه‌یان ڕاپۆرتی‌ تایبه‌ت ئاماده‌ده‌كات، سه‌باره‌ت به‌هه‌ژماركردن‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ پاره‌‌و لایه‌نی‌ دارایی‌ ڕژێمی‌ به‌عسی‌ هه‌ڵوه‌شاو‌و دواتر ڕه‌وانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق ده‌كات. 
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، ده‌سته‌كه‌یان توانیوویه‌تی‌ (250) ملیۆن دۆلاری‌ سه‌رده‌می‌ ڕژێمی‌ پێشو ئاشكرابكات له‌لوبنان، هاوكات بڕێكی‌ دیكه‌ی‌ پاره‌ی‌ سه‌رده‌می‌ ڕژێمی‌ پێشوی‌ له‌ئوردن ئاشكراكردووه‌.