دزی لە 41 بیری نەوت له‌ رۆژئاوای كوردستان دەكرێت

چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رۆژئاوای كوردستان بە (رووداو)یان راگەیاندوە كە بیرە نەوتەكانی رمێلان لەكاركردن وەستاون و دزییەكی زۆر لەو بیرە نەوتانە دەكرێت.
شارۆچكەی رمێلانی دەوڵەمەند بە نەوت، ئێستا لەژێر دەستی چەكدارانی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPGدایە كە سەر بە پارتی یەكێتی دیموكراتە PYD یە.
ئەو سەرچاوانە كە ئاگاداری رەوشی پەترۆڵی رمێلانن بە (رووداو)یان راگەیاند “ئێستا 1743 بیری نەوت لە رمێلان هەن ، كە هەندێكیان هەڵكەندراون، هەندێكیش دەستیان لێهەڵگیراوە”. بەپێی ئەو سەرچاوانە، پێش بەرپابوونی شۆڕشی سووریا لە ئازاری 2010دا ، 1327 بیرە نەوت لە رمێلان نەوتیان لێدەردەهێنرا و بەرهەمی رۆژانەیان دەگەیشتە 182 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا”.
دوای تێپەڕبوونی یەك ساڵ بەسەر شۆڕشی سووریادا ، یەكێتی ئەوروپا ئابلوقەی خستە سەر هەناردەكردنی نەوتی سووریا و بەوهۆیەشەوە ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی نەوتی رمێلان دابەزی.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سلێمان عەباس، وەزیری پەترۆڵی سووریا بەتۆڕی BBCی راگەیاند “بەرهەمی پەترۆڵی سووریا پێش رووداوەكان 280 هەزار بەرمیل بووە لە یەك رۆژدا، ئێستا دابەزیوە بۆ 70 هەزار بەرمیل”. 
بەپێی زانیاری (رووداو)، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رمێلان سفرە و لەسەرەتای مانگی نیسانیشەوە یەك بیری نەوتی ئەو ناوچەیە كارناكات.
هەر بەپێی زانیارییەكان، دزییەكی زۆر لە بیرە نەوتەكانی رمێلان هەیە، تەنانەت ئامێرەكانی ئەو كێڵگەیەش رووبەڕووی تاڵانكردن بوونەتەوە. لەكۆی 81 بیری ناوچەی قەرەچووخ لە رمێلان، 41یان تاڵانكراون.
كێڵگەی نەوتی رمێلان لە چەند وێستگەیەك پێكدێت كە بریتین لە سوێدییە 1، سوێدییە2، سوێدییە3، سوێدییە 4، قەرەچووخی 1 و 2، ئیلەیان.
نەوتی وێستگەی قەرەچووخی یەك، دەچێتە گوندی گر زێرۆ و غازەكەشی دەچێتە كارگەی غازی سەر بە سوێدان. هەروەها وێستگەكە 8 لقی هەیە و نەوتەكەیان بە ئۆتۆمبێل دەگوازرێتەوە بۆ گر زێرۆ.
بەرهەمی قەرەچووخی دوو كە 4500 مەتر سێجایە، دەچێتە گوندی گر زێرۆ و لەوێشەوە دەچێتە پارێزگای حومس و تەرتووس كە پاڵاوگە سەرەكییەكان لەوێن و لەژێر دەستی رژێمدان.