بۆریەكان چاككران و نەوتیش بەرەو بەندەری جەیهان هەناردەكرایەوە

سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی عیراق بە ماڵپەری سۆمەریە نیوزی راگەیاند: كە پاش چاكردنەوەی بۆریەكانی گواستنەوەی نەوت سەر لە نەوێ‌ پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستی پێكردۆتەوە و لە ئێستاشدا بە تێكرایی  400  هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا نەوتی خاو هەناردەی ئەو بەندەرە دەكرێت.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە راگرتنی پرۆسەی هەناردەی نەوت لە رۆژی چوارشەممەی رابردوودا بەهۆی تەقاندنەوەی ئەو بۆریە نەوتانەوە بوە لە ناوچەیەكی نزیك بە قەزای شەرقات و بەوهۆیەشەوە تیمە هونەریەكانی كۆمپانیاكە ناچاربوون بەشێك لەو بۆریە بگۆرن. ئەمە لەكاتێكدا بۆ چەندین جارە ئەو بۆریانە دەكرێنە ئامانج و تائێستاش بۆ چەندین جارە دەتەقێندرێنەوە بێ‌ ئەوەی پارێزگاریكی ئەو تۆی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بۆ دابین بكرێـت.