رۆژ بەرۆژ نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بەدیناری عێراقی لەبەرزبوونەوەدایەو بەقاچاغ بردنی بۆ ئێران، هۆكاری بەرزبوونەوەیەتی.
لەگەڵ بەردەوامی سزا نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران، حكومەتی ئێران هەوڵدەدات ئەو سزایانە لەرێگەی دۆلارەوە كەمبكاتەوە، بۆیە هەر دۆلارێك لەبازارەكانی عێراقو هەرێمدایە، بەقاچاغ دەبرێتە ئێران.
لەلایەكی ترەوە، ژمارەیەك لەخاوەن بانكو نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەبەغدا بەرۆژنامەی موستەقبەلی عێراقییان راگەیاندووە، بەقاچاغ بردنی دۆلار بۆ ئێران بەتایبەت لەرێگەی هەرێمی كوردستان، هۆكاری گرانبوونی بەهای دۆلارە بەرامبەر بەدیناری عێراقی، بەگوێرەی رۆژنامەكە، لەهەفتەیەكدا نرخی دۆلارێكی ئەمریكی لەبازارەكانی بەغدا، لە(1200) دینارەوە زیادیكردووە بۆ (1285) دینار.
عەزیز میاحی ئەندامی لیژنەی ئابووریو سەرمایەگوزاریی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێرق لەوبارەیەوە رایگەیاند، بانكی ناوەندی عێراق بەرپرسە لەبەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار، بۆیە دەبێت هەوڵی جدی بدات بۆ دابەزینی نرخی دۆلار لەبازارەكانی عێراقدا.
میاحی وتیشی:”هەندێك لەكارمەندانی بانكی ناوەندی دەستیان لەبەرزبوونەوەی نرخی دۆلاردا هەیە، چونكە سوودی تایبەتی خۆیانی تێدایە”.