‌سیستمی پاره‌دانی گه‌ڕۆك ‌

له‌هۆڵی ئوتێل رۆیاڵ له‌شاری‌ هه‌ولێر، ئاژانسی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكی كوبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنكاران سه‌باره‌ت به‌پڕۆژه‌ی گه‌شه‌پێدانی دارایی‌و سیستمی پاره‌دانی گه‌ڕۆك سازدا، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌رپرسی‌ به‌شی‌ پڕۆژه‌كانی‌ ئه‌و ئاژانسه‌ گرنگی‌ پڕۆژه‌ی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ سیستمی‌ بانكیی نوێ‌و سیستمی‌ پاره‌دانی‌ گه‌ڕۆك بۆ رۆژنامه‌نووسان روونكرده‌وه‌و داواشی‌ لێكردن ئه‌وانیش له‌ڕێگه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ سه‌باره‌ت به‌و سیستمه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی‌ هۆشیار بكه‌نه‌وه‌.
ئاراسته‌ نوێیه‌كانی‌ سیستمی‌ بانكیی
دانا لێپرسراوی به‌شی پڕۆژه‌كانی یوساید usaid رایگه‌یاند، زۆر گرنگه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ گفتوگۆیه‌مان هه‌بێت ده‌رباره‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابووری به‌گشتیی له‌م وڵاته‌دا. یوساید ئاژانسی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكی زۆر دڵشاده‌ به‌ ئاماده‌بونتان لێره‌ ده‌رباره‌ی گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی ناساندنی هه‌ندێك له‌ئاراسته‌ نوێیه‌كانی سیستمی بانكیی جیهانی، له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر سیستمی پاره‌دانی بازاڕه‌كان‌و ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن سیستمی پاره‌دانی گه‌ڕۆك یا به‌مۆبایل. 
راشیگه‌یاند، ئامانجی سه‌ره‌كی له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێك زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌م جۆره‌ سیستمه‌ بده‌ین به‌ ئێوه‌ی راگه‌یاندكاران بۆئه‌وه‌ی ئێوه‌ش له‌رێی خۆتانه‌وه‌ وه‌كو راگه‌یاندن بتوانن خه‌ڵكی كوردستان‌و عیراق ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ له‌م جۆره‌ سیستمه‌‌و سوده‌كانی‌و چۆنێتی به‌كارهێنانی. 
راگه‌یاندنه‌كان ده‌توانن رۆڵیان هه‌بێت
لێپرسراوی به‌شی پڕۆژه‌كانی یوساید جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، كه‌ ئاژانسی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی  ئه‌مریكی زۆر پابه‌نده‌ به‌یارمه‌تیدانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌عیراق‌و گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی بانكیی‌و ئابووری عیراق به‌گشتیی. وتیشی‌: پێمانوایه‌ یارمه‌تیدانی دانیشتوانی عیراق‌و خه‌ڵكی عیراق ده‌رباره‌ی ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ رووبه‌رووی گه‌شه‌پێدانی ئابووری عیراق ده‌بنه‌وه‌‌و هه‌روه‌ها ئه‌و گۆرانكاریانه‌ی كه‌ له‌بواری ئابووریدا به‌رێوه‌ن زۆر گرنگه‌‌و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن رۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگا‌و دانیشتوان‌و گه‌یاندنی ئه‌و زانیاریانه‌ به‌دانیشتوان، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ئه‌و گۆرانكاریه‌ ئابووریانه‌ كه‌ له‌عیراق به‌رێوه‌یه‌ له‌داهاتودا، راگه‌یاندنه‌كان ده‌توانن رۆڵی‌ كارا بگێڕن.
دواتر باسی له‌میژو‌و رۆڵی سیستمی پاره‌دان‌و چاپكردنی پاره‌‌و پرۆفایلی به‌رهه‌م‌و تێڕامانێكی گشتیی‌و قبوڵكردن‌و میكانیزمه‌ فیزیكی‌و گریمانه‌ییه‌كان‌و  به‌رده‌وامی ته‌مویل‌و ئابووری فاكته‌ره‌ هانده‌ر‌و پاڵنه‌ره‌كان‌و لایه‌نی چاپكه‌ر‌و كڕیاران‌و لایه‌نی سێیه‌م‌و خاوه‌نی دوكان‌و بازاڕه‌كان‌و هه‌ڵگرانی كارته‌ بانكییه‌كان‌و ته‌كنه‌لۆجیا‌و ئاراسته‌ی نوێی سیستمی‌ بانكیی كرد له‌جیهاندا. 
كوردستانی نوێ‌