هه‌رچه‌نده له‌دوای پڕۆسه‌ی رزگاركردنی عیراقه‌وه، میدیای عیراقی كرانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی به‌خۆوه بینی‌و وێڕای زیادبوونی ژماره‌ی كه‌ناڵه جیاوازه‌كانی میدیا (رۆژنامه، گۆڤار، وێب سایت، رادیۆ، ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانی‌و لۆكاڵی)، هاوكات سیاسهتو سنووری ئازادییه‌كانی كاری رۆژنامه‌وانیی فراوان بووه‌وه، به‌ڵام تائێستا كه‌من ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی كه گرنگیی به‌بواری سیاسه‌تی گه‌شه‌پێدان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی‌و پسپۆڕی دهداتو هه‌وڵه‌كان بۆ پێشخستنی ئه‌و لایه‌نه‌ش له‌چه‌ند ژماره‌یه‌كی كه‌م تێپه‌ڕ ناكات.
گۆڤاری (الحوار)، گۆڤارێكه كه گرنگیی به‌كاروباری گهشهپێدانو رێگه‌چاره‌كانی به‌رده‌م داهاتووی عیراق دهداتو له‌لایه‌ن په‌یمانگه‌ی پێشكه‌وتن بۆ سیاسه‌تی گه‌شه‌پێدانه‌وه ده‌رده‌كرێت. (الحوار) جگه له‌وه‌ی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك پسپۆڕی بواره‌كانی ئابووری‌و كارگێڕی‌و ئیدارهدانو وزه‌و ته‌نانه‌ت سیاسییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، هاوكات چه‌ندین قه‌ڵه‌می ناسراوی جیهانی عه‌ره‌بی بابهتو شیكردنه‌وه‌كانیان له‌گۆڤاره‌كه‌دا ده‌خه‌نه‌ڕوو وه‌ك: د.مه‌هدی ئه‌لحافز، د.عه‌بدولله‌تیف جه‌مال ره‌شید، د.مهدی موحسین عهلاقو د.مه‌حمود عوسمان‌و…… چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراوی تر.
له‌ژماره (36)ی ئه‌م گۆڤاره‌دا كه له‌مانگی ئاداری ئه‌مساڵدا كه‌وتۆته بازاڕه‌وه، ژماره‌یه‌ك وتار‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی‌و هه‌واڵ‌و سیمینار‌و راپۆرتی عیراقی‌و جیهانی بڵاوكراوه‌ته‌وه كه زۆربه‌یان تایبه‌تن به‌بواره ئابووری‌و كارگێڕییه‌كان، به‌تایبه‌ت دۆسێه‌ی نهوتو وزه‌و كاری كۆمپانیای خێزانه‌كان‌و قه‌یرانه‌كانی بانكی ناوه‌ندی عیراق‌و چه‌ند ته‌وه‌رێكی دیكه.
تیشك خستنه‌سه‌ر رابردووی نزیك
بابه‌تی ده‌ستپێكی گۆڤاره‌كه، بهوتارێكی د.مه‌هدی ئه‌لحافز ئابووریناسی ناسراوی عیراقی ده‌ستپێده‌كات كه له‌میانی چالاكییه‌كی (ئه‌نجومه‌نی رۆشنبیریی سه‌فیه سوهێل)دا پێشكهشیكردووهو تایبه‌ته به‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كتێبێكی دكیۆمێنتیو شرۆڤه‌كاری ئه‌و ئابووریناسه به‌ناوی (تیشك خستنه‌سه‌ر رابردووی نزیك – خستنه‌ڕووی تۆماری نه‌مری ده‌سته‌ی راوێژكاریی عیراق).
له‌وتاره‌كه‌یدا د.مه‌هدی ئه‌لحافز ده‌ڵێت:»گرنگیی ئه‌و كتێبه له‌وه‌دایه كه به‌به‌ڵگه‌و شیكردنه‌وه‌وه چاره‌سه‌ری بۆ كاروباره‌كانی تایبه‌ت به‌پێشكه‌وتنی عیراق له‌ئێستاو ئاینده‌دا دۆزیوه‌ته‌وه‌و ده‌ستنیشانی كردووه، به‌جۆرێك كتێبه‌كه به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مه‌بده‌ئییه لهجهوههرداو مشتومڕی پرسه‌كانی گه‌شه‌پێدانی نیشتمانی‌و میكانزمه‌كانی داهاتوو چاره‌سه‌ر ده‌كات. پێشبینیو شیكردنه‌وه‌كانی ئه‌و كتێبه بۆ پرسه‌كانی داهاتوو، له‌ئێستای عیراقدا ده‌بینرێ، هه‌ر لهپرنسیپهكانی دروستكردنی دهوڵهتو دامه‌زراوه‌كان تا هاووڵاتیبوونو له‌ناوبردنی ناكۆكی تائیفی‌و مه‌زهه‌بی به‌گشت جۆره‌كانییه‌وه، هه‌روه‌ها پێشبینیو ئاماژه‌كردن به‌بنه‌ماكانی بنیاتنانی ده‌ستوورو قانون‌و پاراستنی داهاته‌كانی عیراق‌و پێداچوونه‌وه به‌یاسا كۆنه‌كان كه بوونه‌ته هۆی په‌كخستنی چاكسازییه ئابوورییه‌كان، ئه‌مه جگه له‌تیشك خستنه‌سه‌ر رزگاركردنی عیراق له‌قه‌رزه كهڵهكهبووهكانو كاریگه‌رییه‌كانی ئابڵوقه‌ی ئابووریی ئه‌وكاتی سه‌ر عیراق».
ئه‌و ئابووریناسه وێڕای گوزارشت كردن له‌ڕۆڵی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال لهپاڵپشتیو پشتیوانیكردنی سیاسهتو چالاكییه‌كانی ده‌سته‌كه له‌سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كاندا، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ده‌سته‌ی راوێژكاریی عیراق (له‌ساڵی 1990و له‌دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی عیراق – كوێت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك پسپۆڕ‌و رۆشنبیری نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی عیراقه‌وه پێكهات، به‌مه‌به‌ستی داڕشتنی بۆچوون‌و دیدێكی پێشكه‌وتووخواز بۆ گۆڕانكاریی له‌عیراقداو دیاریكردنی پرنسیپه‌كانی) كۆمه‌ڵێك بنه‌مای د‌یاریكردبوو بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری‌و رزگاركردنی عیراقییه‌كان له‌ده‌ست دڕنده‌یی رژێم‌و سوودوه‌رگرتن لهداهاتهكانی عیراق بۆ خودی عیراقییهكانو گێڕانه‌وه‌ی ته‌واوی مافه‌كان، به‌تایبه‌ت مافی نه‌ته‌وه‌كانی تری عیراق.
موداخه‌له سیاسییه‌كه‌ی د.له‌تیف ره‌شید
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و چالاكییه‌ی كه (ئه‌نجومه‌نی رۆشنبیریی سه‌فیه سوهێل) سازی كردبوو، د.عه‌بدولله‌تیف جه‌مال ره‌شید گه‌وره راوێژكاری سه‌رۆك كۆماری عیراق‌و وه‌زیری پێشووتری سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عیراق، بهموداخهلهیهك به‌شداریی كردووه‌و تیشكی خستۆته سه‌ر وته‌كانی د.مه‌هدی ئهلحافزو ده‌ڵێت:»بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی به‌چه‌ند قۆناغێكدا تێپه‌ڕیووه، سه‌ره‌تا به‌داواكاریی سیاسی ده‌ستی پێكرد، پاشان چووه قۆناغی خۆپیشاندان‌و دواتر خه‌باتی چه‌كدارییه‌وه له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورددا، له‌وكاته‌وه لایه‌نی كوردی چه‌ندین جار كۆبوونه‌وه‌و دانوستانی له‌گه‌ڵ حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراقدا كردووه، تا گه‌یشتینه هه‌شتاكان. له‌دوای ئهنفالو كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و له‌سه‌ره‌تای نهوهدهكانداو له‌و ماوه‌یه‌دا كه راپه‌ڕینی شه‌عبانییه رووی دا، بارودۆخی گه‌لی كورد زۆر خراپ بوو، به‌هۆی هێرشه سه‌ربازییه‌كانی رژێمی دیكتاتۆرییه‌وه بۆسه‌ر كورده بێچهكو مه‌ده‌نییه‌كان له‌ماڵی خۆیاندا له‌هه‌موو پارێزگا كوردییه‌كان، كه بووه هۆی كوژرانی هه‌زاران كهسو ئاواره‌بوونی كورد لهماڵو حاڵی خۆی، ته‌نانه‌ت ژماره‌ی ئاواره كورده‌كان به‌و زستانه سه‌خته له‌چیاكانی كوردستان له‌ملیۆن تێپه‌ڕی كرد».
ده‌شڵێت:»له‌و كاته‌دا كه له‌نیسانی 1991 وه‌فدێكی كورد سه‌ردانی به‌غدای كرد بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقدا، سه‌ركرده‌ی كورد جه‌لال تاڵه‌بانی نامه‌یه‌كی نارد بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی‌و تیایدا هه‌ڵوێسته سه‌ره‌كی‌و گشتییه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانیی ده‌ستنیشان كردبوو، له‌دوای دانوستانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ رژێمی رووخاودا ئه‌نجامی دابوو، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا من‌و مامۆستا هۆشیار زێباری له‌واشنتۆن بووین به‌نوێنه‌رایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی عیراقی‌دا بووین كه له‌ژێر چه‌تری كۆنگره‌ی عیراقی‌دا (INC) له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ئهمریكاو كۆنگرێسدا كۆبووینه‌وه، هه‌ر له‌چركه‌ساتی یه‌كه‌مه‌وه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی رژێمی عیراق، به‌ره‌ی كوردستانی جه‌ختی له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی سه‌رجه‌م گه‌لی عیراق كرده‌وه‌و ته‌نها به‌داواكارییه‌كانی كورده‌وه نه‌وه‌ستا، له‌و داواكارییانه‌ش، ئازاد كردنی زیندانیانی سیاسی‌و لابردنی ده‌سته‌واژه‌ی (حزبی قائید)و هه‌ڵبژاردنی ئازاد‌و ده‌سته‌به‌ركردنی فره‌حزبی له‌عیراقدا».
ئاسۆی نهوتو ده‌رفه‌تی بوژانه‌وه‌ی ئابووری عیراق
هه‌ر له‌و ژمارهیهداو له‌بابه‌تێكی تری زانستیدا به‌ناوی (ئاسۆی نهوتو وزه‌و ده‌رفه‌تی بوژانه‌وه‌ی ئابووری)، د.ئه‌حمه‌د ئهبریهی عه‌لی باس له‌گرنگی سیاسه‌تی ئابووری به‌تایبه‌تی له‌وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وتدا دهكاتو كێشه ههنووكهییو درێژخایه‌نه‌كانی به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ئاستێكی باش لهئابوورییهكی گه‌شه‌كردوو مسۆگه‌ركردنی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیستمی دارایی‌و وه‌به‌رهێنان كردووه. هه‌ر له‌و بابه‌ته‌دا د. ئه‌حمه‌د ئهبریهی ئاماژه‌ی به‌هه‌ندێك داتا‌و زانیاریی ورد كردووه سه‌باره‌ت به‌ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری عیراق‌و داهاتی گه‌شتیی به‌ده‌ستهاتوو، پاشان به‌راوردی كردووه به‌وڵاتانی تری خاوه‌ن نهوتو هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ئاسۆ‌و ئایندهی ئابووری عیراق كردووه.
خواستی بازاڕی نه‌وتی جیهان
بابه‌تێكی تری ئه‌م ژماره‌یه‌ی گۆڤاری (الحوار) كه (له‌هه‌ب عه‌تا عه‌بدولوه‌هاب) نووسیویه‌تی، تایبه‌ته به‌و سووته‌مه‌نییانه‌ی له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵكه‌ندنی زه‌وییه‌وه ده‌رده‌هێنرێن. له‌و بابه‌ته‌دا له‌هه‌ب عه‌تا باس له‌و گهشهكردنو پێشكه‌وتنانه ده‌كات كه له‌بواری ده‌رهێنانی نه‌وتی خاو‌و غازی سروشتی‌و خه‌ڵوزی به‌ردین روویان داوه‌و روو ده‌ده‌ن، به‌داتاو خشته‌و ژماره‌ش ئاماژه به‌ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت لهجیهانو خواستی بازاڕی نه‌وتی جیهانیو بهرزییو نزمیی نه‌وتی یه‌ده‌كی وڵاتانی وه‌ك بهرازیلو عیراق‌و سعودیه‌و توانای به‌رهه‌مهێنانی هه‌ریه‌ك له‌وڵاته به‌رهه‌مهێنه‌كانی نه‌وت ده‌كات.
ناسهنتراڵیو گۆڕینی پهیكهربهند
بابه‌تێكی تری گۆڤاره‌كه تایبه‌ته به‌شێوازی حوكم‌و به‌ڕێوه‌بردن، كه (به‌هنام ئه‌لیاس بوترس) به‌ناوی (ناسه‌نتراڵی.. گۆڕینی پهیكهربهند) نووسیویهتیو تیایدا باس لهتیۆرهكانی دهسهڵاتو چۆنێتی حوكم كردن‌و شێوازه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن ده‌كات، هه‌روه‌ها ئامانجه‌كانی سیستمی ناسه‌نتراڵی ده‌ستنیشان كردووه‌و باس له‌كه‌موكورتی ئه‌و جۆره لهبهڕێوهبردنو لایه‌نه باشه‌كانیشی ده‌كات.
(چه‌ند وتارێك له‌باره‌ی نه‌وته‌وه) ناونیشانی بابه‌تێكی تره له‌گۆڤاری (الحوار)دا كه د. وه‌لید خدوری نووسیویهتیو تیایدا باسی لهگهندهڵییهكانی پڕۆسه‌ی بهرههمهێنانو هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌عیراق دهكاتو ئاماژه‌ی به‌و هه‌وڵانه‌ش كردووه كه حكومه‌ت خستوویه‌تیه‌گه‌ڕ بۆ به‌كارهێنانی سیستمی ژماردن‌و پێوانه‌ی نوێ، له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌و نه‌هێشتنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له‌و بواره‌دا، هه‌روه‌ها باس له‌شێوازه ته‌قلیدییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی نهوتو چۆنێتی په‌ره‌پێدانی به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی ده‌رهێنانی نه‌وت نموونه‌ی ئه‌مریكاش ده‌هێنێته‌وه كه توانیویه‌تی له‌و بواره‌دا هه‌نگاوی به‌رچاو بنێت.
ئایندهی كۆمپانیا خێزانییه‌كان
له‌بابه‌تێكی (د.عه‌بدولره‌زاق داود ئه‌لسه‌عدی)ی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دراوه كاغهزییهكانی عیراق به‌ناوی (ئایندهی كۆمپانیا خێزانییه‌كان)دا باس لهگرنگیو به‌شداریی كۆمپانیا خێزانییه‌كان ده‌كات له‌پڕۆسه‌ی ئابووریدا، شانبه‌شانی كۆمپانیا هاوبه‌شه‌كان. له‌و بابه‌ته‌دا یه‌كێك له‌كێشه هه‌ره گه‌وره‌كانی به‌رده‌م كۆمپانیا خێزانییه‌كان كه به‌سه‌رمایه‌ی بچووك‌و زۆر جاریش بهقهرزكردن ده‌ست پێده‌كه‌ن، كێشه‌ی گواستنه‌وه‌ی موڵكایهتییه له‌كه‌سی دامه‌زرێنه‌ره‌وه دوای مردنی بۆ كه‌سانی دوای خۆی، جگه له‌و كێشه‌یه‌ش ئه‌و پسپۆڕه ئاماژه‌ی به‌چه‌ندین كێشه‌ی تری به‌رده‌م درێژه‌پێدانی كاره‌كانی ئه‌و جۆره كۆمپانیایه كردووه‌و شێوازه‌كانی به‌هێزكردن‌و پاراستنی لهههرهسهێنانیشی خستۆته‌ڕوو.
ئه‌مه‌و چه‌ندین وتار‌و راپۆرتی عیراقی‌و جیهانی له‌گۆڤاره‌كه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه زۆربه‌یان تایبه‌تن به‌پرسه ئابووری‌و رێگاچاره‌كان بۆ چاكسازیكردن له‌سیاسه‌تی ئابووری عیراقدا.
كوردستانی نوێ