(9) كارگه‌ی پیشه‌سازی له‌كه‌لار داده‌مه‌زرێن

دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاریدا به‌دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پیشه‌سازی له‌سه‌ر ڕووبه‌ری (2000) دۆنم زه‌وی‌ له‌قه‌زای‌  كه‌لار، له‌ئێستادا (100) دۆنم زه‌ویی دیكه‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ ژماره‌یه‌ك كارگه‌ له‌و قه‌زایه‌دا دابینكراوه‌.
(یونس ئه‌حمه‌د) جێگری‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان بۆ كاروباری‌ ته‌كنیكی‌  به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌لایه‌ن ئیداره‌ی‌ گه‌رمیانه‌وه‌ (100) دۆنم زه‌وی بۆ كردنه‌وه‌ی‌ كارگه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ ته‌رخانكراوه‌‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی گه‌شه‌پێدان‌و پشتگیری پرۆژه‌ پیشه‌سازییه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیانیشه‌وه‌، داواكاری بۆ دامه‌زراندنی‌ (نۆ) كارگه‌ی پیشه‌سازیی جۆراوجۆر په‌سه‌ندكراوه‌.
یونس ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، ئه‌و كارگانه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ په‌سه‌ندكراون، خۆیان له‌كارگه‌ی دروستكردنی موبه‌ریده‌، ئاڵفی‌ ئاژه‌ڵ، بیهارتۆن، ئاوی خواردنه‌وه‌و  چه‌ند كارگه‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.
جێگری‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان بۆ كاروباری‌ ته‌كنیكی‌ باسی‌ له‌وه‌شكرد، دوای گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌ یاساییه‌كان، مۆڵه‌ت به‌كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كارگانه‌ ده‌درێت، وتیشی‌:”به‌خستنه‌گه‌ڕی‌ ئه‌و كارگانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری‌ هاوڵاتیانی ناوچه‌كه‌ هه‌لی‌ كاریان بۆ ده‌ڕه‌خسێت”.