وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق قه‌باره‌ی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر گه‌نمی جوتیارانی باشوری عێراق كه‌وتوه به‌هۆی لافاوه‌وه به (200) ملیۆن دۆلار خه‌مڵاند.
خه‌یروڵا حه‌سه‌ن، وه‌زیری بازرگانی عێراق له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: عێراق رێژه‌ی (25-30%)ی به‌رهه‌می گه‌نمی ئه‌مساڵی له ده‌ستداوه به‌هۆی لافاوه‌كانی ئه‌م دواییه‌وه كه ناوچه‌كانی باشوری عێراقی گرتوه‌ته‌وه و قه‌باره‌ی زیانه‌كه‌ش به (200) ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد؛ به‌رهه‌می ناوخۆیی عێراق به‌شی پێویستییه‌كانی ناكات و به‌و هۆیه‌وه عێراق یه‌كه‌م هاورده‌كاری گه‌نمه له جیهاندا و به‌شی زۆریشی بۆ دابه‌شكردنیه‌تی له رێی كۆبۆنی خۆراكه‌وه و رێژه‌ی به‌كاربردنی گه‌نم له عێراقدا ساڵانه ده‌گاته (4.5) ملیۆن ته‌ن.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه شه‌پۆلێكی باران و لافاو ناوچه‌كانی باشوری عێراقی گرتوه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای فه‌وتاندنی به‌رهه‌می كشتوكاڵی جوتیاران، ئاواره‌بونی سه‌دان خێزان و روخانی ژماره‌یه‌كی زۆر خانوی لێكه‌وتوه‌ته‌وه و تائێستاش چوار كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه و مه‌ترسی هه‌ره‌سهێنانی چه‌ند به‌نداوێكیش ده‌كرێت له پارێزگاكانی میسان و زیقار و به‌و هۆیه‌وه ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی ئه‌و دو پارێزگایه له دانیشتوانه‌كه‌ی چۆڵكراون.