بانكی ناوەندی عێراق نرخی دۆلار دادەبەزێنێت

بانكی ناوه‌ندی عیراق مانگانه‌ بڕی 4 ملیۆن دۆلار ده‌داته‌ بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هاوڵاتیانی بفرۆشن كه‌ به‌ نیازن گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن به‌ جۆرێك 100 دۆلاری ئه‌مریكی به‌ كه‌متر له‌ 120 هه‌زار دیناری عیراقی ئه‌ژمار ده‌كات.
ئه‌دهه‌م كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی ناوه‌ندی هه‌رێم له‌ لێدوانێك بۆ سایتی پی یو كه‌ی میدیا رایگه‌یاند: به‌پێی بڕیارێكی بانكی ناوه‌ندی عیراق ئێستا مانگانه‌ بڕی چوار ملیۆن دۆلار ده‌درێت به‌ بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌و هاوڵاتیانه‌ی بفرۆشن كه‌ گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك 100 دۆلار به‌ كه‌متر له‌ 120 هه‌زار دینار ئه‌ژمار ده‌كرێت، واته‌ به‌و نرخه‌ی رۆژانه‌ بانكی ناوه‌ندی دیاری ده‌كات مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌ هه‌ر هاوڵاتیه‌ك ده‌توانێت هه‌فتانه‌ بڕی پێنج هه‌زار دۆلار بكڕێت، به‌م شێوه‌یه‌ش هه‌ر بانكێك هه‌فتانه‌ ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ی 50 هاوڵاتی رایی بكات.
به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی ناوه‌ندی هه‌رێم وتیشی: ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ له‌ هه‌رێمیش ئه‌نجام ده‌درێت به‌هه‌مان شێوه‌ی ناوچه‌كانی تری عیراق كه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێم ده‌توانن به‌بوونی پاسپۆرت به‌بێ لێدانی ڤیزه‌ بڕی 5000 دۆلار بكڕن، به‌نرخی بانكی ناوه‌ندی، بانكی ناوه‌ندیش له‌ڕێگه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت نرخی دۆلار دابه‌زێت كه‌چی تاكو ئێستا ئه‌مه‌ كاریگه‌ری نه‌بوه‌، به‌ڵام بێگومان به‌رده‌وامبونی ئه‌م كاره‌ی بانكی ناوه‌ندی كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت.