لە 5 ساڵی داهاتوودا كۆمپیوتەری تابلۆیی نامێنێت

تۆرسن هاینز، بەڕێوەبەری كۆمپانیای بلاك بێری، پێشبینی دەكات لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا كۆمپیوتەری شاشە گەورە جێگەی كۆمپیوتەری تابلۆیی بگرێتەوە. 
 
ئەو بەڕێوەبەرە، وتی: پێنج ساڵی‌دیکە، ئەو جۆرە كۆمپیوتەرە باوی نامێنێت لەبەرئەوەی ئەوانە بۆخۆیان لە بنەمادا نموونەیەكی بازرگانیی سەركەوتوو نین.
 
ئاشكرایە كۆمپیوتەرە تابلۆییەكان لە چەند ساڵی رابردوودا پاڵنەری سەرەكی بوون بۆ قازانجی گەورەی كۆمپانیاكانی سامسۆنگ و ئەپڵ و پێشبینی دەكرێت ئەو بۆچونانەی ئەو بەرپرسە لە زۆر شوێنەوە رەت بكرێتەوە.
 
كێشەی بەرپرسەكەی بلاك بێری ئەوەیە كە كۆمپیوتەری تابلۆیی جۆری پلای‌بۆك كە بەرهەمهێنراوی ئەو كۆمپانیایەیە و لە بازاڕەكاندا سەرنەکەوتووە.
 
پلای‌بۆك كە ساڵی 2011 خرایە بازاڕەوە بەهۆی كەمیی تایبەتمەندییەكانییەوە رووبەڕووی زۆر رەخنە بووەوە و نەفرۆشراوی ئەو بەرهەمە كە 150 هەزار دانەبوو زیانی 485 ملیۆن دۆلاری لەو كۆمپانیایە دا.