سلێمانی .. پێداچونەوە بەشێوازی كاركردنی كارگەكاندا دەكرێت

وەك هەوڵێك بۆ پاك راگرتنی ژینگەو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان قائمقامیەتی سلێمانی لیژنەیەك بۆ پارێزگاری كردن لە ژینگە پێكدەهێنێت.
 
لەڕاگەیەندراوێكی قائمقامیەتی سلێمانی كەوێنەیەكی بۆ ژوری بازركانی و پیشەسازی سلێمانی  نێردراوە تیایدا ئاماژە بەوەدەكات” لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت پێداچونەوە بە شێوازی كاركردنی كارگەكانی شاری سلێمانیدا دەكەن و لەرێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە چاودێری ووردی كارگەكان دەكرێت  بۆ ئەوەی مەرجەكانی پاك راگرتنی ژینگە جێبەحێ بكەن و دۆكەڵ و پاشماوەی زیان بەخش تێكەڵ بە ژینگە نەكەن”  
ئاوات محەمەد قائمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی و ژمارەیەك لە شارەزایانی بواری ژینگەدا كۆبوویەوە , لە كۆبونەوەكەدا قائمقامی سلێمانی رایگەیاند” بەهۆی چەندین هۆكاری دیارەوە ژینگەی هەرێمی كوردستان دووچاری پیسبونی بەردەوام دەبێتەوە , بۆ چارەسەر كردنیشی پێویستی بەخستنەگەڕی هەوڵی خەمخۆرانەی گشتگیرە”
 یەكێك لە هۆكارەكانی پیسبونی ژینگەی شاری سلێمانی و دەروروبەری بوونی ئەو كارگانەیە كە وەك پێویست پابەندنین بەجێ بەجێكردنی مەرج و رێنماییە ژینگەیەكانەوە.
 
قائمقامی سلێمانی ئەوەشی رایگەیاند” لەمەودوا پێداچوونەوە بەشێوازی كاركردنی هەموو ئەو كارگانەدا دەكرێت كە لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا كاردەكەن و پێویستە پابەندبن بە جێبەجێ كردنی مەرج و رێنماییە ژینگەیەكانەوە”
 ئاوات محەمەد قائمقامی سلێمانی پێشنیاری كرد لیژنەیەكی تایبەتمەند بەم بوارە پێكبهێندرێت و نوێنەری  فەرمانگە پەیوەندیدارەكانیش بەشداربن تێیدا بۆ ئەوەی لەرێگەی ئەو لیژنەیەوە بەدواداچون بۆ شێوازی كاركردنی كارگەكانی شاری سلێمانی و دەرەو بەری بكرێت و ئاراستە بكرێت بۆ ئەوەی مەرج و رێنماییە ژینگەیەكان وەك پێویست جێبەجێ بكەن , ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لە ئایندیەكی نزیكدا هەنگاوی گرنگ لەم باریەوە دەنرێت .