چیپسی په‌تاته‌ تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ت ده‌كات

زۆربه‌ی خه‌ڵك حه‌زیان له‌ په‌تاته‌ی سوروه‌كراوه‌یه‌و زۆریشی ده‌خۆن، منداڵانیش به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ چیپسی په‌تاته‌ ده‌خۆن، به‌تایبه‌تی له‌ هاویندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌م كه‌س مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م خۆراكه‌ بۆ سه‌ر ته‌ندروستیی ده‌زانن، وه‌ ئه‌گه‌ر بشزانن خۆیان بۆ ناگیرێت و ده‌ستبه‌رداری نابن.
له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێدا له‌ وڵاتی به‌ریتانیا له‌ رێگه‌ی راپرسیه‌كه‌وه‌، ئاشكرابوو كه‌ خواردنی خۆراكه‌ ئاماده‌كراوه‌كان، له‌وانه‌ش چیپسی په‌تاته‌، ده‌بێته‌ هۆی قه‌ڵه‌ویی و تووشبوون به‌ نه‌خۆشیه‌كانی دڵ وه‌هه‌روه‌ها كێشه‌ی گه‌شه‌كردنی كۆرپه‌و چالاكیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری منداڵان، له‌گه‌ڵ تووشبوونی گه‌وره‌كان به‌ نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌.
لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان هۆشداریان دا كه‌ ئه‌و په‌تاته‌یه‌ی كه‌مێك لێده‌نرێت و ده‌كوڵێنرێت ئاستێكی به‌رزی مه‌وادی كیمیایی تێدایه‌ كه‌ تووشبوونی شێرپه‌نجه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، چیپسیش كه‌رت ده‌كرێت و وشك ده‌كرێته‌وه‌و كه‌مێك سوور ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌م كرداره‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر بڕی مادده‌ی (ئه‌كریلامید) كه‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ مرۆڤدا دروستده‌كات و له‌ ناو چیپسه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌.
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ گرنگیه‌كی زۆری هه‌بوو، چونكه‌ به‌ریتانیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا زۆرینه‌ی دانیشتوانی سه‌ر زه‌مین، نزیكه‌ی 6 ملیار كیسه‌ چیپسی به‌تاته‌ ده‌خۆن له‌ ساڵێكدا.