به‌لو: له‌گه‌ڵ زیادبوونی‌ به‌رهه‌م، هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت زیادده‌كات

ڕاوێژكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرایكرد، هه‌ر كاتێك به‌رهه‌می‌ نه‌وتی‌ كێڵگه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زیادبكات، هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمیش زیادده‌كات.
دكتۆر (عه‌لی‌ حسێن به‌لو) ڕاوێژكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، هه‌ر كاتێك حكومه‌تی‌ به‌غدا پاره‌ی‌ ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه‌ بدات كه‌ له‌هه‌رێم كارده‌كه‌ن، ئه‌و كاته‌ هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ پێشو، ده‌سته‌كاته‌وه‌ به‌هه‌نارده‌كردنی‌ (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ڕۆژێكدا.
ڕاوێژكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، هه‌ر كاتێك كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ عێراق چاره‌سه‌ركرا‌و هه‌رێم ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ خۆی‌، دواتر هه‌ر كاتێك به‌رهه‌می‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم زیادیكرد، ئه‌و كاته‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمیش زیاد ده‌كات.
به‌گوێره‌ی‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ئه‌مساڵی‌ عێراق، پێویسته‌ هه‌رێم ڕۆژانه‌ (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ڕۆژێكدا هه‌نارده‌بكات، به‌ڵام هه‌رێم له‌ڕابردوودا هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ ڕاگرت، به‌هۆی‌ پابه‌ندنه‌بوونی‌ حكومه‌تی‌ عێراق، به‌خه‌رجكردنی‌ پاره‌ی‌ كۆمپانیا بیانه‌ییه‌كانی‌ بواری‌ نه‌وته‌وه‌.