وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ میسر: نه‌وت له‌ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ناكه‌ین

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ میدیای‌ میسر له‌ڕۆژانی‌ ڕابردوودا هه‌واڵی‌ هاورده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ ئێرانی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ قاهیره‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ میسر هه‌واڵه‌كه‌ی‌ ڕه‌تكرده‌وه‌‌و ڕایگه‌یاند، نیازی‌ هاورده‌كردنی‌ نه‌وتیان له‌ئێرانه‌وه‌ نییه‌.
به‌گوێره‌ی‌ میدیای‌ میسر (ئوسامه‌ كه‌مال) وه‌زیری‌ نه‌وت‌و سه‌روه‌تی‌ كانزایی میسر ڕایگه‌یاندووه‌، میسر نیازی‌ هاورده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ له‌ئێرانه‌وه‌ نییه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌وه‌ كه‌ میدیای‌ میسری بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، گوایا وه‌فدی‌ میسر له‌سه‌ردانی ئه‌مدواییانه‌یدا بۆ ئێران، هاورده‌كردنی‌ نه‌وتی له‌گه‌ڵ تاران تاووتوێكردووه‌. 
په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان میسر‌و ئێران دوای‌ دابڕان بۆ ماوه‌ی‌ 34 ساڵ، له‌ئێستادا به‌قۆناغێكی‌ چالاكدا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌گه‌رچی‌ هه‌ندێك له‌ڕه‌وته‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ میسر دژی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ن.