كۆمپانیای غازی به‌سره، ده‌ستی به‌كۆكردنه‌وه‌ی غازی سروشتی كرد له‌كێڵگه‌كانی (ڕومێله، زوبێر‌و خۆرئاوای قورنه 1)، غازه‌كه‌ش له‌و جۆره‌یه كه له‌گه‌ڵ ده‌رهێنانی نه‌وتدا له‌كێڵگه نه‌وتییه‌كان دێته ده‌ره‌وه.
سایتی ڕێبه‌ری بازرگانی عێراق بڵاویكرده‌وه، پرۆژه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی غازی سروشتی كێڵگه نه‌وتییه‌كان، به‌گرنگترین‌و گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی عێراق ئه‌ژمار ده‌كرێت له‌بواری وزه‌دا، چونكه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه، ده‌توانرێت چه‌ندین ملیۆن مه‌تر سێجا غاز كۆبكرێته‌وه، كه پێشتر به‌هۆی سوتانیه‌وه به‌هه‌ده‌رده‌چوو.
(عه‌لی حسێن خزه‌یر) به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای غازی باشور ڕایگه‌یاندووه، وه‌ك قۆناغی سه‌ره‌تا، ده‌كرێت ته‌نها پێویستی ناوخۆیی پێپڕبكرێته‌وه، كه پێده‌چێت له‌و قۆناغه‌دا (500) ملیۆن مه‌تر سێجا كۆبكرێته‌وه، تا كۆتایی ساڵی (2014)ش ده‌توانرێت له‌كۆكراوه‌ی غازی ئه‌و كێڵگانه، غازی سروشتی هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه بكرێت.
به‌گوێره‌ی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، ئه‌و كێڵگانه خاوه‌نی زیاتر له‌دوو ملیار مه‌تر سێجا غازی سروشتی یه‌ده‌كن.