ژێرخان و سه‌رخانی ئابوری چییه‌و ئه‌و بوارانه چین كه له‌خۆی ده‌گرێت؟ چۆن بتوانرێت گه‌شه‌ی پێبدرێت و تاچه‌ند حكومه‌ت ئاوڕی له ژێرخانی ئابوری هه‌رێمی كوردستان داوه‌ته‌وه؟ هاوكات كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی كامیان ڕۆڵیان زیاتره و پێویسته چی بكرێت؟ له‌م دیداره‌دا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د كه‌ریم پسپۆڕی ئابوری و ئه‌ندامی مونته‌دای ئابوریناسانی كوردستان، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌و چه‌ند پرس و بابه‌تێكی دیكه ده‌درێته‌وه.
* ژێرخان و سه‌رخانی ئابوری چییه؟ ئه‌و بوار و لایه‌نانه چین كه له‌خۆی ده‌گرێت ؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: ژێرخانی ئابوری بریتیه له‌و دامه‌زراوه مادیانه‌ی كۆی سیستمی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی … هتد، له‌سه‌ر بینا ده‌كرێت وه‌ك ڕێگاو بان و نه‌خۆشخانه و قوتابخانه و وێستگه‌ی كاره‌با و ئاو و زانكۆ و فڕۆكه‌خانه و سیستمی په‌یوه‌ندیكردن، به‌بێ ئه‌م ژێرخانه ئابورییه ناتوانرێت ژێرخانی به‌رهه‌مهێنان (جیهازی به‌رهه‌مهێنان) وه‌ك كارگه‌ی پیشه‌سازی و پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی و گه‌شتوگوزار دروست بكه‌یت. هه‌تا ئه‌م لایه‌نه گه‌وره و فراوان بێت، ئابوری ئه‌و وڵاته توانای له‌خۆگرتنی جیهازی گه‌وره‌تری به‌رهه‌مهێنانی ده‌بێت ئه‌مه‌ش په‌لده‌كێشێ بۆ فراوانبوونی بواره‌كانی دیكه، وه‌ك دروستكردنی هه‌لی كار، گه‌شه‌كردنی توانای مرۆیی، زۆربوونی كاڵای به‌رهه‌مهاتوو، به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی تاكه كه‌س و حكومه‌ت، به‌هێزی دراوی وڵات، سه‌قامگیری ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و هتد.
به مانایه‌كی تر، ژێرخانی ئابوری ئه‌و ته‌شته‌یه كه جیهازی به‌رهه‌مهێنانی وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ی تیا بنیات ده‌ندرێت، هه‌تا ته‌شته‌كه گه‌وره‌تر بێت ده‌توانێت كولێره‌ی زۆرتر و جوانتر بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه دروست بكات.
سه‌رخانی ئابوری بریتیه له كۆی سیستمی به‌ڕێوه‌بردی ئه‌و ژێرخانه مادییه‌یی كۆمه‌ڵگه وه‌ك سوپا، مامۆستای زانكۆ و په‌روه‌رده، فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت، دادوه‌ره‌كان ، سیاسی و ئیداریه‌كان، پزیشك و پۆلیس و هتد.
* ئایه ژێرخانی ئابوری كوردستان له چ ئاستێكدایه؟ چۆن هه‌ڵیده‌سه‌نگێنیت؟
محمه‌د كه‌ریم: هه‌تا ساڵی 1988 حكومه‌تی به‌عس كۆی سیستمی ژێرخانی ئابوری كوردستانی بۆ ئاستێك هه‌ڵوه‌شان نزیكی سفری كرده‌وه، به‌واتای ئه‌وه‌ی ساڵانه له ڕێگاوبان وقوتابخانه و نه‌خۆشخانه‌كاندا تووشی سووان ده‌بوون نه‌ده‌توانرا چاك بكرێنه‌وه كه به‌ره‌و خراپتر نه‌چێت،
پاش به‌عس ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ناوخۆ و بێگانه كاری باشیان كرد بۆ دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ژێرخانه، لانی كه‌م گێڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ سه‌ر خاكه چۆڵكراوه‌كان. پاش ئه‌وه كاره‌كان كه‌وته ده‌ست حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. حكومه‌ت توانی له بواری ڕێگاو باندا هه‌ندێ هه‌نگاو بنێ به‌ره‌و فراوانكردنی ژێرخانی ئابوری هه‌رچه‌نده ئه‌م بواره بۆ مه‌به‌ستی سه‌ربازی به‌عس ئیشی زۆری تیاكردبوو، به‌ڵام له كۆی بواره‌كانی دیكه‌ی ژێرخانی ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو بۆ دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ژێرخانه ته‌نانه‌ت به‌هۆی ئه‌و چاككردنه‌وه‌ی كه ڕێكخراوه‌كانیش له ماوه‌ی 1991-1995 دروستیان كردبوو سه‌رله‌نوێ له‌ناوچوونه‌وه. بۆیه ئێستا كوردستان پێویستی به هه‌زاران قوتابخانه ونه‌خۆشخانه و بانك وبه هه‌زاران كیلۆمه‌تر ڕێگا و بان هه‌یه، ده‌بینین ساڵانه قوتابخانه ده‌ڕووخێت، پرد و ڕێگاكان تێكده‌چن نه‌ك فراوان ناكرێن ته‌نانه‌ت چاك ناكرێنه‌وه تا ئه‌وه‌ی ماوه له‌ناو نه‌چێت.
هۆی سه‌ره‌كیش گه‌نده‌ڵیه كه بۆته ڕێگریه‌كی گه‌وره و نه‌بووی ئیداره‌یه‌كی خراپ بۆ وڵات لاوازی جومگه‌كانی دروستكردنی بڕیار له سیستمی حوكمڕانی كوردستاندا.
خه‌ندان:پێتوایه تاچه‌ند حكومه‌ت گرنگی به‌م لایه‌نه‌ی داوه؟
محمه‌د كه‌ریم: گرنگی پێده‌دات، به‌ڵام گرنگیپێدانه‌كه نه‌گیشتۆته ته‌نانه‌ت ئاستی پاراستنی ئه‌وه‌ی هه‌یه له له‌ناوچوون.
*چۆن بتوانرێت په‌ره به ژێرخانی ئابوری بدرێت،پێویسته سیاسه‌ت و پلانی حكومه‌ت چۆن بێت له‌و بواره‌دا؟
محمه‌د كه‌ریم: ده‌بێت له ڕێگه‌ی پلان و بودجه‌ی كوردستانه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت كه:
1.دژایه‌تیه‌كی سه‌ختی گه‌نده‌ڵی بكرێت.
2. تێچوونه‌كانی دروستكردنی حكومه‌تی پۆلیسی له كوردستاندا بخرێته سه‌ر بودجه‌ی دروستكردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری.
3. جومگه‌كانی دروستكردنی بڕیار بخرێته‌وه ده‌ست كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆر.
4. داخڵكردنی سیستمێكی تۆكمه‌ی دادوه‌ری و چاودێری و لێپرسینه‌وه.
* ئایا له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا حكومه‌ت یان وه‌به‌رهێنه‌ر و سه‌رمایه‌داران، كامیان ڕۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بووه، له بوژاندنه‌وه و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوری هه‌رێم؟ تاچه‌ند دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت له‌ئاستی پێویستدان؟
محمه‌د كه‌ریم: كه‌رتی تایبه‌ت پاشكۆی بڕیاری حكومه‌ته كه به چ ئاڕاسته‌یه‌كی به‌رێت، بۆیه ئه‌وه‌ی گرنگه ڕۆڵی سیاسه‌تی ئابوری حكومه‌ته كه ئایا به‌ره‌و ووڵاتێكی به‌رهه‌مهێن ده‌ڕوات یان به‌كارهێن، ئه‌وه‌ی له كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت ملنانه به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مشه‌خۆر. سروشتی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ش له ڕووی سیاسیه‌وه شێوازی شوان و مێگه‌ل وه‌رده‌گرێت. مێگه‌ل و شوانیش پێویستی به فراوانكردنی هێزی چه‌كدار و گرتوخانه‌كانه. ئه‌وه‌ی له كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت ئه‌وانه‌یه. تێچوونی سیستمی حكومه‌تی پۆلیسی زۆر زیاتره له تێچوونی گه‌شه‌پێدانی ئابوری، بۆیه بودجه‌ی كوردستان ته‌نها فریای گه‌نده‌ڵی و دروستكردنی حكومه‌تی پۆلیسی ده‌كه‌وێت، كه كۆی كۆمه‌ڵگه له ته‌لبه‌ندی میگه‌لدا مۆڵبدات نه‌ك جووڵه‌ی تاكه‌كان و به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگه.
بۆیه له كوردستاندا كه‌رتی تایبه‌ت ناتوانێ به ئه‌ركی خۆی هه‌ستێت ئه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ته له كوردستان بۆ ئاستێكی به‌رز نوێنه‌ر وبریكار و سێبه‌ری بازرگانی سیاسیه بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی خاك و بازرگانی كوردستاندا نه‌ك كارگه و پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنان.
* زۆرێك له بانكه‌كان له‌ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی چالاك به‌شدارنین له پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێناندا، پێتوایه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ هاوكات پێویسته ڕۆڵی بانك چۆن بێت؟
محمه‌د كه‌ریم: سیستمی بانك دوو جۆره حكومی كه له كوردستاندا ته‌نها ڕۆڵی سندوقێكی هه‌ڵگرتنی پاره ده‌بینێت و هیچ ڕۆڵێكی جووڵه‌ی ئابوری نیه و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئابوری كوردستانه. ئه‌وه‌ی كه هه‌شه له‌م بواره‌دا ته‌نها بانكی خانووبه‌ره و كشتوكاڵیه. خانوو به‌ره بۆ ئاستێك بارسووكی كردووه بۆ كێشه‌ی نیشته‌جێبوون له كوردستاندا، به‌ڵام زۆر كه‌متره به‌راورد به كێشه‌كه، بانكی كشتوكاڵیش له‌به‌ر شكستی سیاسه‌تی كشتوكاڵیه‌وه زۆربه‌ی قه‌رزه‌كانی له قه‌رزی ئاسانكاریه‌وه گۆڕاوه بۆ قه‌رزی گیرخواردوو (عه‌سیره) واته هه‌م جووتیار ناتوانێ قه‌رزه‌كه بداته‌وه، هه‌م بانكیش پاره‌كه‌ی به‌ره‌و تیاچوون ده‌چێت كه وورده وورده له‌گه‌ڵ جووتیاردا به‌ریه‌ك كه‌وتن دروست، ده‌بێت كاتێك حكومه‌ت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی خانووه ڕه‌هنكراوه‌كانی جووتیار ده‌فرۆشێت.
ده‌مێنێته‌وه سه‌ر بانكی ئه‌هلی كه ئه‌مان به‌كۆی سه‌رمایه‌كه‌یان له بواری حه‌واڵه و كڕین و فرۆشتنی دۆلاری بانكی ناوه‌ندی عێراقن و هیچیان پاره‌ی قه‌رزیان نیه بۆ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان و هه‌ندێكیشیان بانكن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پاره‌ی هه‌ندێك له كۆمپانیاكانی تری سه‌رمایه‌داره سیاسی – بازرگانه‌كان.
* له كوردستان ڕێژه‌یه‌كی زۆر له كۆمپانیای بیانی تێدایه، كه به‌شێكی زۆر له بودجه‌ی هه‌رێم له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌چێته ده‌ره‌وه، تائێستا كۆمپانیاكانمان له ئاستی پێویستدا نین، بۆچونی ئێوه له‌م باره‌یه‌وه چییه؟
محمه‌د كه‌ریم: نزیكه‌ی 5000 كۆمپانیای بێگانه له كوردستاندا هه‌ن، به‌ڵام ئه‌مانه كۆمپانیای سیاسی – شه‌راكه‌ته له‌گه‌ڵ كۆمپانیا سیاسی – بازرگانیه‌كانی كوردستان هه‌مووی بۆ ئیشی به‌ڵێنده‌رایه‌تی هاتوون له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی كوردستان، به‌ڵام به ئیتیفاقی سیاسی توركی-كوردی، ئێرانی-كوردی، كۆری-كوردی و به‌وجۆره.
ئه‌م جۆره زۆربه‌یان له كۆمپانیاكانی كوردستان كارامه‌تر نین، به‌ڵام حسابه‌كانیان جیاوازه. ئه‌وانی دیكه‌ش كۆمپانیای بواری نه‌وته كه به‌شێكی زۆریان كه‌س ئاگای له جموجوڵ و ئاسه‌واره ئابوریه‌كانیان نیه، هاوكات پێشموانیه ئابوری كوردستان ئازاد بێت.
*بازاڕی هه‌رێمی كوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
محمه‌د كه‌ریم: بازاڕ به گشتی له‌سه‌ر دوو كۆڵه‌كه‌یه، یه‌كه‌میان به‌رهه‌مهێنان و دووه‌میان به‌كاربردن. بازاڕی كوردستان ته‌نها كۆڵه‌كه‌ی به‌كاربردنی هه‌یه، چونكه جیهازی به‌رهه‌مهێنانی كوردستان كه پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتیاریه شكستی خواردووه و له ده‌ره‌وه‌ی كه‌ناڵی ئابوری كوردستانه. بۆیه ئازاده بۆ هێنانی هه‌موو كاڵایه‌كی جیهانی، به‌ڵام به‌ده‌ر له‌هه‌موو كۆنترۆڵێكی جۆری ته‌نانه‌ت بۆ ده‌رمانیش. بۆیه سیستمی بازرگانی كوردستان كه سیستمێكه له‌سه‌ر زه‌واجی سیاسی-بازرگانی دروست بووه گه‌وره‌ترین كه‌رتی ئابوری كوردستانه، به‌ڵام نه‌ك له‌سه‌ر به‌رهه‌می كوردستان، به‌ڵكو بازرگانی بۆ كارگه و پڕۆژه‌ی ووڵاتانی بێگانه.
خەندان