گوندی كارگۆ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ده‌خرێته‌گه‌ڕ

بڕیاره‌ له‌كۆتایی ئه‌مساڵدا‌و به‌هۆی‌ دروستكردنی‌ كارگۆیه‌كی‌ فراوان تیایدا، فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ببێته‌ ترانزێتی نێوان ئه‌وروپا‌و وڵاتانی باشووری ئاسیا‌و هاوكات شوێنی فڕۆكه‌خانه‌ی شاریقه‌‌و دوبه‌ی بگرێته‌وه‌.
رۆژی‌ 20-7-2012‌و له‌كاتی كردنه‌وه‌ی ته‌رمیناڵی به‌شی دووه‌می فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانیدا، د.به‌رهه‌م ساڵح به‌ردی بناغه‌ی گوندی (كارگۆ)ی له‌شاری سلێمانی دانا. پڕۆژه‌كه‌ش به‌مۆڵه‌تی ده‌سته‌ی وه‌ربه‌هێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دراوه‌ به‌كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شی ناوخۆیی‌و ئیماراتی.
ده‌روازه‌یه‌كی گرنگی ئابووری‌و بازرگانی
هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی قسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی پڕۆژه‌ی‌ ئه‌و گونده‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ دواكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ به‌تایبه‌تی له‌ڕووی دیزاین‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی یاسای فڕۆكه‌خانه‌وه‌، به‌ڵام له‌كۆتایی ئه‌مساڵدا به‌گه‌ڕده‌خرێت.
له‌وباره‌یه‌وه‌ تایه‌ر عه‌بدوڵڵا رایگه‌یاند، به‌هۆی هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندیی دیزاینی گوندی‌ (كارگۆ)وه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه‌ هه‌ندێك دواكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌جێبه‌جێكردندایه‌‌و به‌شێكی زۆری ته‌واو بووه‌‌و له‌كۆتایی ئه‌مساڵدا ده‌خرێته‌گه‌ڕ. 
به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی وتی:»به‌ته‌واوبوونی ئه‌و كارگۆیه‌، فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی پێده‌نێته‌ قۆناغێكی نوێوه‌، چونكه‌ ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌كی نزیكی ئاڵوگۆڕكردنی بواره‌كانی بازرگانی‌و ئابووریی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا‌و ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی داهاتیش بۆ فڕۆكه‌خانه‌كه‌». 
به‌ستنه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا‌و باشووری ئاسیا
له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا تایه‌ر عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، به‌ته‌واوبوونی گوندی كارگۆ، فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ده‌چێته‌ قۆناغێكی گرنگه‌وه‌، به‌تایبه‌تی به‌پێی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی كه‌ كردوومانه‌، كارگۆی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ده‌توانێت فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌وروپا‌و باشووری ئاسیا به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ له‌بری ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانی ئه‌وروپا بچنه‌ شاریقه‌‌و دوبه‌ی‌و دواتر له‌وێوه‌ بچن بۆ وڵاتانی باشووری ئاسیا، ئه‌گه‌ر بێن بۆ سلێمانی‌و له‌سلێمانییه‌وه‌ بچن بۆ ئه‌و وڵاتانه‌، ئه‌وا رێگه‌كان كورتر ده‌بنه‌وه‌.
ئه‌و روونیكرده‌وه‌، ئاسمانی توركیا‌و عیراق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ كورترین رێگه‌یه‌ له‌نێوان وڵاتانی ئه‌وروپا‌و باشووری ئاسیادا، چونكه‌ وڵاتانی باشووری ئاسیا بوونه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی بازرگانی‌و پیشه‌سازیی زۆر گرنگ‌و كاریگه‌ر له‌سه‌ر ئابووری جیهان.
كاتی گه‌شته‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌
به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ رێڕه‌وی ئاسمانی عیراق‌و هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت 45 ده‌قه‌ له‌كات بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ هه‌ر گه‌شتێك له‌نێوان وڵاتانی باشووری ئاسیا‌و ئه‌وروپادا جگه‌ له‌كه‌م به‌كارهێنانی به‌نزین بۆ فڕۆكه‌كان.
وتیشی:»هه‌روه‌ها به‌ته‌واوبوونی گوندی كارگۆی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، هانی كۆمپانیاكانی بواری‌ فڕۆكه‌وانی‌ ده‌دات كه‌ كاره‌كانیان فراوان بكه‌ن‌و هه‌لی كاركردنی زیاتریش بۆ فڕۆكه‌خانه‌‌و هاووڵاتیانی‌ شاری سلێمانی ده‌ڕه‌خسێنێت». 
ئامانجه‌كه‌ی‌ ده‌پێكێ
له‌دوای پڕۆسه‌ی ئازادكردنی عیراق له‌ساڵی 2003وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان گرنگییه‌ی تایبه‌تی داوه‌ به‌گواستنه‌وه‌ی ئاسمانی، وه‌ك تایه‌ر عه‌بدوڵڵا رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی بایه‌خێكی زۆر بدات به‌فڕۆكه‌خانه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان‌و دوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی بكاته‌وه‌ له‌سلێمانی‌و هه‌ولێر.
به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌زۆرێك له‌وڵاتانی جیهان كارگۆ هه‌یه‌‌و گرنگی‌و بایه‌خی زۆری هه‌یه‌‌و به‌به‌شێكی فراوان له‌فڕۆكه‌خانه‌ داده‌نرێت، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ كه‌ سوود به‌حكومه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت. 
وتیشی:»وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی به‌په‌رۆشین بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و كارگۆیه‌، بۆئه‌وه‌ی بتوانین سوودێكی زۆر به‌فڕۆكه‌خانه‌ بگه‌یه‌نین‌و ببینه‌ پردی نێوان وڵاتانی ئه‌وروپا‌و باشووری ئاسیا». 
تاهیر عه‌بدوڵڵا درێژه‌ به‌قسه‌كانی ده‌دات‌و ده‌ڵێت:»كارگۆی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی‌، به‌ته‌واوبوونی ئامانجی خۆی ده‌پێكێت‌و ده‌بێته‌ هۆی لێكنزیكردنه‌وه‌ی كۆمپانیاكانی گواستنه‌وه‌، چونكه‌ تائێستا فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی تایبه‌ته‌ به‌گه‌شتیاران‌و شوێنێكی بچووكی هه‌یه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی شتومه‌كه‌كان». وتیشی:»ئه‌و كارگۆیه‌ واده‌كات كه‌ بتوانرێت ببێته‌ رێگه‌یه‌كی بازرگانیش بۆ كۆمپانیاكانی گواستنه‌وه‌ی‌ شمه‌ك».
داهاتی بۆ فڕۆكه‌خانه‌‌و حكومه‌ت ده‌بێت 
له‌باره‌ی داهاتی ئه‌و كارگۆیه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی وتی:»پڕۆژه‌ی گوندی كارگۆ به‌پێی یاسای وه‌به‌رهێنان بۆ ماوه‌ی 45 ساڵ دراوه‌ به‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ پڕۆژه‌كه‌ی جێبه‌جێكردووه‌، چونكه‌ كۆمپانیاكه‌ هه‌م پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كات‌و هه‌م به‌گه‌ڕیشی ده‌خات، هاوكات به‌شێك له‌داهاتی ئه‌و كارگۆیه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌‌و حكومه‌ت ده‌بێت». 
 وتیشی:»ئه‌و كارگۆیه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانییه‌وه‌ چاودێری ده‌كرێت، به‌ڵام بودجه‌ی له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌‌و حكومه‌ت هیچ بودجه‌یه‌كی بۆ دابین نه‌كردووه‌».
پێداویستییه‌كانی كارگۆكه‌ چین؟
بۆ دروست بوونی كارگۆ كۆمه‌ڵێك پێدوایستی هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ بوونیان هه‌بێت ئه‌وانیش به‌شی ئاسایش‌و گومرگ‌و ڤێتێرنه‌ری‌و كشتوكاڵ‌و ته‌ندروستین. تایه‌ر عه‌بدوڵڵا له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی:»هه‌موو به‌ش‌و پێدوایستییه‌ گرنگه‌كان له‌و كارگۆیه‌دا بوونیان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی به‌شی ئاسایش‌و گومرگ‌و ته‌ندروستی كه‌ زۆر گرنگن بۆ ئه‌و شمه‌كانه‌ی دێنه‌ ناو هه‌رێمه‌وه‌».
جه‌ختیشی كرده‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌ سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ سه‌رجه‌م كاروباره‌كانی ئه‌و كارگۆیه‌ی له‌ئه‌سۆیه‌ به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ئه‌منیه‌وه‌. 
پێویستی‌ به‌هۆتێلێك ده‌بێت
هه‌رچه‌نده‌ هۆتێلێكی گه‌وره‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و كارگۆیه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ك تایه‌ر عه‌بدوڵڵا رایگه‌یاند، هۆتێل پێویسته‌ هه‌بێت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت‌و هاتوچۆكاران پێویستیان به‌مانه‌وه‌ هه‌بێت به‌تایبه‌تی كاتێك ترانزێتی زۆر هه‌بێت، ئه‌و كاته‌ هۆتێلێكی گه‌وره‌ پێویسته‌.
وتیشی:»له‌ماسته‌رپلانی فڕۆكه‌خانه‌دا هۆتێلێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌‌و هیوادارین له‌داهاتوودا جێبه‌جێ بكرێت‌و پێداویستییه‌كانی بۆ دابین بكرێت». 
له‌كۆتایشدا تایه‌ر عه‌بدڵڵا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ به‌ته‌واوكردنی ئه‌و پڕۆژیه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی پێده‌نێته‌ قۆناغێكی دیكه‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزكردنی پێگه‌ی ئابووری كه‌ ئه‌وه‌ش پێویستی به‌پاڵپشتی حكومه‌ت‌و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان هه‌یه‌.
كوردستانی نوێ‌