ئەو خۆراکانەی لەبەندەر عەباس راگیرا بون بەهەوڵی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی گەشتنە مەرزی باشماخ

ئەو خۆراکانەی لەبەندەر عەباس راگیرا بون بەهەوڵی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی گەشتنە مەرزی باشماخ‌و بارە ترانزێتیەکان لەبەندەر عەباسەوە ڕۆژانە دێتە ھەرێمی کوردستان.


سیروان محەمەد،سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “ئەمڕۆ ھەینی ١٢٠ کۆنتێنەر خۆراک لەو بارھەڵگرە ترانزێتیانەی لە بەندەر عەباس ڕاگیرابون گەشتە مەرزی باشماخ و دێتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و بەسەر شارەکاندا دابەشدەکرێن وسەرجەمیان خۆراکین”.


راشیگەیاند” لەئێستادا زیاتر لە١٨٠ کۆنتێنەر بارھەڵگری دیکە لەبەندەر عەباسەوە بەڕێکراون بۆ مەرزی باشماخ کە سەرجەمیان خۆراکی و پێداویستیە سەرەکیەکانی ھاوڵاتیانن”.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ھاتنی ئەو بارانە لە ژێر چاودێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بەئاگاداری پارێزگاری سلێمانی وقائیمقایم و لێپرسراوی مەرزی نێو دەوڵەتی باشماخ و گومرگ و وەزارەتی بازرگانی و ئەنجومەنی وەزیرانە.


سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جەختیکردوە کە ئەرکی سەلامەتی و تەندروستی کاڵاکانمان خستۆتە سەرشانمان تادەگاتە ھەرێمی کوردستان.


باری ترانزێتی ئەو بارانەن کە بازرگانان لە ھەرێمی کوردستانەوە کاڵا لە ووڵاتانی ئەوروپا و هندستان و پاکستان و کۆریا و سین و چەندین ووڵاتی دیکە دەکڕن و پاشان دەگاتە بەندەرەکانلەوێشەو دێتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان، وە بەندەر عەباس یەکێکە لەو ڕێگایانەی بازرگانانی ھەرێم ھاوردەی کاڵای لێوە دەھێنن.


سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دڵنیایی دەداتە ھاووڵاتیان کە ھیچ گرانبونێکی کاڵا ڕونادات و بەردەوامن لە چاودێریکردنی بازاڕ و ھاتنی کاڵای پێویست.