پارێزگاری سلێمانی هیڵێكی گەرمی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سنوری پارێزگاكە ڕاگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد: ئەو كەسانەی گومانیان هەیە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون دەتوانن لە ڕێگەی ژمارە تەلەفونی 122 پەیوەندی بكەن و بەپێی نیشانەكانی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەئێستادا هێلێكی گەرم بۆ هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی دانراوەو لە ڕێگەی ژمارە تەلەفونی 122 هەر كەسێك گومانی هەبوو تۆشی كۆرۆنا بوە، لە ماڵی خۆیەوە پەیوەندی بكات و لەڕێگەی نیشانەكانییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
هەرەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو تیمەی كار لەسەر هێڵی گەرم دەكەن لەڕێگەی نیشانەكانەوە كار لەسەر سێ حاڵەت دەكەن و سێ ڕەنگ بۆ ڤایرۆسەكە دیاری كراوە.
سەبارەت بەو ڕەننگانەو ئەو سێ حاڵەتە، پارێزگاری سلێمانی ووتی: ڕەنگی زەرد بۆ ئەوانەیە ڕێنماییان پێ دەدرێت و پێویست بەسەردانیكردنی نەخۆشخانە ناكات، ڕەنگی پرتەقاڵی پشكنینی بۆ دەكرێت و پێوستە ئەو هاوڵاتییە سەردانی بنكەكانی تەندروستی بكات،ڕەنگی سور چارەسەركردنی دەوێت و پێویستە ئەو هاوڵاتیە لە ژێر چاودێریدا بێت.
هەروەها پارێزگاری سلێمانی داوای لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كرد: لە ئەمڕۆ ئەو شوێنانەی سەر بە كەرتی تایبەتن دەوامكردن كەم بكەنەوە و قەرەباڵغی لە هیچ شوێنێك نەهێڵن و پێویستە كەرتی تایبەتیش پابەندی ڕێنماییەكانی حكومەت بن و لێرەوە سەرجەم كۆمپانیان و دەزگاكانی كەرتی تایبەت ئاگادار دەكەینەوە لە هەر شوێنێك حاڵەتێك تۆمار بكرێت لایەنی پەیوەندیدار ڕوبەڕوی یاسا دەكرێتەوە.
هەروەها د.هەڤاڵ ئەبوبەكر داوای لە هاوڵاتیانیش كرد ووشیار بن و لە ماڵەكانیان نەیەنە دەرەوەو كۆبونەوەی گشتیش لە شەقامی سەهۆڵەكە ڕادەگیرێت و لە ئەمڕۆوە سەرجەم سەرتاشخانەو ئارایشتكاو زۆرینەی چایخانەكان دادەخرێن.