بەمەبەستی ئاگادار بوون دەربارەی دوا زانیارییەکانی پەیوەست بەڕەوشی هاتوچۆی کاڵاو شتومەک لەمەرزەکانی باشماخو پەروێزخان کۆبونەوەیەک لەژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەڕێوەچوو.
لەکۆبونەوەکەدا سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشهسازی سلێمانیو جێگرو ژمارهیهك لهئهندامانی ئهنجومهنی كارگێری، پێشوازیانکرد لەبەڕێوەبەرانی هەردوو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخو پەروێزخانو بەڕێوەبەرانی پشکنین لەو دوو مەرزە .
لەکۆبونەوەکەدا باس لەو کێشەو گرفتانە کرا کە لەئێستادا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆناوە بوونەتە ئادتەنگ لەبەردەم ڕەوشی بازرگانی، ئاماژە بەوە کرا کە سەرڕەرای هەموو یاستەنگەکان توانراوە کارە بازرگانیەکان لەو دوو مەرزە نەوەستێندرێتو پشکنینی تەواوی تەندروستی و ڕێنماییە تەندروستیەکان لەو مەرزانە جێ بەجێبکرێت تا هیچ مەترسییەکی ئەو ڤایرۆسە لەڕێگەی بارە بازرگانیو هاوردەکراوەکان لەسەر کوردستان دروست نەبێت.
بەڕێوەبەرانی مەرزەکان دڵنیایان دا کە هەموو ڕێوشوێنێکی توندیان گرتۆتەبەر بۆ پاراستنی سەلامەتیو تەندروستی گیانی هاوڵاتیانو هاوردەکردنی کاڵا ڕۆژانە بەردەوام بەپێی ئەو ڕێنماییانە بەڕێوە جەچێت کە دەستنیشانکراون.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەستخۆشی لەبەڕێوەبەرو کارمەندانی مەرزەکانی باشماخو پەروێزخانو بەڕێوەبەرانی پشکنین کرد کە بەدڵسۆزانە کارەکانیان ئەنجام دەدەنو توانیویانە بەشێوەیەکی گرنگو بەرچاو سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان بپارێزن.
سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوەشدا لەئێستادا بەشێکی زۆر لەکۆگاکانی خۆراک لەناوخۆی شارەکانی هەرێمی کوردستان خۆراکو پێداویستیان تێدایە، تا ئێستاش هاوردەکردن بەردەوامەو ڕۆژانە بەپێی پێویستی بارە ترانزێتیەکان دێتە ناو هەرێمی کوردستان.