له‌ سلێمانی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا لەماوه‌ی ١٠ رۆژدا دروستكرا

بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا لە ماوەیەکی وا کەمدا کە ١٠ رۆژە، نەخۆشخانەیەکی ٦٥ قەڕەوێڵەیی دروست دەکرێت.

نەخۆشخانەکە لەسەر رووبەڕی دوو هەزار مەتر دووجا، بە تەکنەلۆجیایەکی نوێوە لە شاری سلێمانی دروست کرا کە تایبەتە بە تووشبوانی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩، ئەمەش یەکەم جارە بەو ماوە کەمە لە عێراقدا نەخۆشخانەیەک دروست بکرێت.

نەخۆشخانەکە ١٥ ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و ٦٥ قەڕەوێڵەی چاودێری وردی تەندروستی (العنایە المرکزە) لەخۆدەگرێت.

بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، شەماڵ جەبار یاوەر باس لە وردەکاریی نەخۆشخانەکە و دروستکردنەکەی دەکات.

شەماڵ جەبار یاوەر وتی: ”ئینشائەڵڵا رێوڕەسمی کردنەوەی بۆ ئەنجام دەدەین و ئامادە دەبێت بۆ وەرگرتنی هەر نەخۆشێکی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ناسراو بە کۆڤید-١٩، ماوەی هەفتەیەکی پێویستە بۆ راهێنان و مەشقکردن بەو کارمەندە تەندروستییانەی لێرە کار دەکەن، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت هەفتەیەکی تر ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی تەواوی نەخۆشەکان”.

– ١٥ ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و ٦٥ قەڕەوێڵەی چاودێری وردی تەندروستی لەخۆدەگرێت:

بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، شەماڵ جەبار یاوەر سەبارەت بەو ئامێرانەی نەخۆشخانەکە لەخۆی دەگرێت ئاماژەی بەوەدا کە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، ئامێری دەستنیشانکردنی نەخۆشی کۆرۆنا، جگە لەو ئامێرانەی کە لە تاقیگەکاندا بەکاردەهینرێت بۆ تیمەکانی تەندروستی، هاوکات فێربوون لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی نەخۆش کە لە رێی دکتۆری پسپۆڕی نەخۆشخانەکانی ترەوە ئاراستەی دەکرێن.

شەماڵ جەبار یاوەر روونیکردەوە کە راستەوخۆ تووشبوان ناهێنرێنە ئەم نەخۆشخانەیە، بەڵکو لە دەزگاکانی تری تەندروستییەوە رەوانەی ئێرە دەکرێن، دوای پڕکردنەوەی فۆڕم ئینجا پشکنین، چاودێریکردن و چارەسەرکردن دەست پێ دەکات لە نەخۆشخانەکەدا.

بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە سەبارەت بە توانای لەخۆگرتنی تووشبوان بە کۆڤید-١٩ لە نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەدا کە سەرەتا بڕیار بوو نەخۆشخانەیەکی ٢٥ قەڕەوێڵەیی بێت، دواتر کرا بە ٥٠ قەڕەوێڵە و لەئێستادا دوای دابینکردنی ئامێری زیاتر و پێویست، تواناکەیمان بەرز کردەوە بۆ ٦٥ قەڕەوێڵە.

– زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار بڕی تێچوونەکەیەتی:

بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، شەماڵ جەبار یاوەر سەبارەت بە بڕی تێچوونی نەخۆشخانەکە ئاشکرای کرد کە نەخۆشخانەکە، سەروو یەک ملیۆن دۆلار تێچوونەکەیەتی، ئەویش بەهۆی ئەوەی بیناکە دروستکراوە ئەو بڕە پارەیەی بۆ تەرخانکراوە لەلایەن خێرخوازانەوە، دواتر هەر خێرخوازە و هەڵساوە بە دابینکردنی ئامێرە پێداویستییەکان و وتی: ”وەک دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بڕی ٣٠٠ هەزار دۆلارمان تەرخانکردووە کە تەنها گرنگترین شت بەلامانەوە کاتەکەیەتی نەک بڕی تێچوونی و ئامێری  PCR كه گرنگترين ئاميره بو ده‌ست نيشان كردنى نه‌خوشي كۆرۆنا  لەلايەن ژوورى بازرگانى و پیشەسازی سلێمانی و بەھاوبەشی چەند بازرگانێکی دڵسۆزوه‌ دابینکراوە كە به‌ بەهای ٨٠ هەشتا هەزار دولاره.

رۆژانە ٢٠٠ کەس بە چوار شەفت کاریان کردووە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە، رۆژی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠ لەلایەن دەزگای تەندروستی پێشمەرگەوە بەردی بناغەکەی دانراو و دەستکرا بە پرۆژەکە، سەرەتا بڕیار بوو ٢٥ قەڕەوێڵەیی بێت، بە هەوڵی کەسانی خێرخواز توانرا ئامێری زیاتری بۆ دابین بکرێت و ئەو ژمارەیە بەرزبکرێتەوە بۆ ٦٥ قەڕەوێڵە کە لە هەر ژوورێکدا دوو قەڕەوێڵە دەبێت و ئامێری پێشکەوتووی هەناسەدانی دەستکرد بۆ ئەو تووشبوانەی بەقورسی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ کاری تێکردوون دابینکراوە لەگەڵ ئامێری تایبەت بە دەستنیشانکردنی نەخۆشی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩).