لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەرمانی دژە ڤایرۆس لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەڕێژرێت، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانیش رەتیدەکاتەوە بەهۆی ئەو هەڵمەتەوە بازاڕ و دووکانەکان دابخرێن.
لە راگەیێندراوێکدا، قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، ئەو شوێنانەی دەرمان دەکرێت بۆ ماوەی چەند کاژێرێکی کەم دادەخرێن و دواتر دەکرێنەوە و جموجووڵ ئاسایی دەبێتەوە.
لهشكر حهمید، سهرۆكی لیژنه هاوبهشهكانی قایمقامیهتی سلێمانیش رایگەیاند، ھەڵمەتی دەرمان رشتنەکە چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت و زۆربەی بازاڕەکانی سلێمانی دەگرێتەوە، ئامانج لێی پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان و رێگریکردنە لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لەبارەی کاتی دەستپێکردنی هەڵمەتەکە لەشکر حەمید دەڵێت، بڕیارە لە رۆژی شەممە 7-3-2020 دەستپێبکات.
هەڵمەتی دەرمان رشتن لە هەولێریش دەستپێدەکات، لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە رێگەی چەندین تیمی شارەوانییەوە رۆژی شەممە سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی شاری هەولێر بە دژی ڤایرۆس پاك دەكرێنەوە.