نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان لە دابەزیندایە و نزمترین نرخی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو تۆمار كرد. هەفتەیەكە چارتی گۆڕانكاری نرخی نەوت بە رەنگی سوور دادەخرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم هاوشێوەی رۆژانی رابردوو نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردووە و لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆرسەوە، چوار دۆلار لە نرخەكەی دابەزیوە.
بەگوێرەی livechart ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 54 دۆلار و 44 سەنت دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا سەرەتای هەفتە نرخەكەی 58 دۆلار و 40 سەنت بوو.
هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی نەوت لە بازارەكانی دنیا بۆ بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی زیاتری ڤایرۆسەكە لە ئاستی زۆربەی كیشوەرەكان دەگەڕێتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا ڤایرۆسەكە بە خێرایی لە ئەوروپا و ئەمەریكا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بووەتەوە، ئەمەش نیگەرانیی بازاڕەكانی لێ كەوتووەتەوە.
دوو هەفتە پێشتر نرخی نەوت بە رەنگی سەوز دادەخرا. قسەكردن لەسەر دۆزینەوەی دەرمانی دژە كۆرۆنا و دابەزینی رەوتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە چین، تا ئاستێك بازاڕی نەوتی هەستاندبووەوە.