کونسوڵی ئێران سه‌ردانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌کات


کونوسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ شاری سلێمانی سه‌ردانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی کرد و له‌لایه‌ن سه‌رۆکی ژووری بازرگانی پێشوازی کران.

 له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی پیرۆزبایی له‌ کونسوڵی ئێران کرد به‌ بۆنه‌وه‌ی کۆتای هاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن که‌ له‌و وڵاته‌ ئه‌نجامدرا، نیگه‌رانی خۆشی له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی کۆرۆنا له‌و وڵاته‌ نیشاندا، و هیوایی زوو چاک بونه‌وه‌ی بۆ ئه‌و که‌سانه‌ خواست که‌ توشی ڤایرۆسه‌که‌ بوون.

سه‌رۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی له‌ دانیشتنه‌که‌دا داوایی کرد که‌ کونسوڵیه‌ت و کۆماری ئیسلامی ئێران کار بکه‌ن بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ ئاڵوگوڕی بازرگانی له‌ نێوان هه‌ردوولادا تاکو بتوانن ئاڵوگۆڕی کاڵاو شتومه‌کان بکه‌ن له‌ ده‌روازه‌  سنورییه‌کان.

سیروان محه‌مه‌د،  ”داواشی کرد له‌ سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنورییه‌کان و خاڵه‌ گومرگییه‌کان رێوشوێنی ته‌ندروستی توند بگره‌نه‌ به‌ر تاکو به‌ هه‌موو لایه‌ک ته‌ندروستی هاوڵاتیان ڕه‌چاو بکه‌ن و خۆیان بپارێزن له‌و ڤایرۆسه‌”.

سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێوسته‌  کۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ژووره‌ بازرگانییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌کان کۆبونه‌وه‌یه‌کی فروان ئه‌نجام بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌یره‌وێکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی جێبه‌جێ بکرێت، میکانیزمێکی گونجاو بۆ هاورده‌کردنی ئه‌و کاڵایه‌نه‌ دابنرێت که‌ له‌ دیوی ئێرانه‌وه‌ دێته‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراقه‌وه‌.
 
سیروان محه‌مه‌د، داوایی کرد ئه‌و کاڵاو شتومه‌کانه‌ی که‌ له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ر عه‌باسه‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ له‌ ئێستا به‌هۆی داخستنی ده‌روازه‌ سنورییه‌کانه‌وه‌ ناتوانن داخڵی هه‌رێمی کوردستان بکرێن و پێوسته‌ ئه‌و کاڵا و شتومه‌کانه‌ زیاد له‌ ماوه‌ی یاسایی خۆیان بهێڵرێنه‌وه‌، نابێت غه‌رامه‌ بکرێن، داواکارین له‌ کۆماری ئیسالمی ئێران ره‌چاو ئه‌و باردۆخه‌ بکات بازرگانان به‌هۆی داخستنی مه‌رزه‌کانه‌وه‌ زه‌رمه‌ند نه‌بن غه‌رامه‌ نه‌کرێن.
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ ئێستادا له به‌نده‌ر عه‌باسه‌وه‌ هیچ کاڵا و شتومه‌کێک هاورده‌ ناکه‌ن تاکو ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی له‌سه‌ر مه‌رزه‌کان راگیران ده‌چنه‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێستادا زیاتر له‌ هه‌زار و 100 بارهه‌ڵگر له‌ مه‌رزه‌کانی هه‌رێمی کوردستان راگیراون، بۆیه‌ داواکاری ماوه‌ی مانه‌وه‌ی کاڵاو شتومه‌که‌کان له‌ به‌نده‌ر عه‌باس درێژ بکرێته‌وه‌ و بازرگانان غه‌رامه‌ نه‌کرین چونکه‌ ئه‌م باردۆخه‌ی هاتۆته‌ پێش له‌ ده‌سه‌ڵاتی که‌سدا نیه‌.

لای خۆشی مه‌هدی شوهته‌ری، کونسوڵی ئێران سپاسی سه‌رۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی کرد له‌ پای هه‌وڵه‌کانی بۆ به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کان و چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ و گرفته‌کانی بازرگانان و خاوه‌نکاران، به‌لێنیشیدا وه‌ک کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن که‌ کێشه‌و گرفت بۆ بازرگانان دروست نه‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کان بهێڵنه‌وه‌.

شاندەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن هەریەک لە جێگر و راوێژکاری یاسایی و کشتوکاڵی و به‌رپرسی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌کانی ژووری بازرگانییه‌وه‌ پێشوازییان لێکرا.