وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بازیان کە لە لایەن گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان خاوەندارێتی دەکرێت، لەمەراسیمێکدا (3) بڕوانامەی گرنگی لە لایەن رێکخراوی جیهانی بۆ ستانداردکردن (ISO) پێبەخشرا.
بڕوانامەکانی رێکخراوی (ISO) کە بەخشیوێتی بە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بازیان پێکهاتوون لە (بەرێوەبردنی جۆری، بەڕێوەبردنی ژینگە، بەڕێوەبردنی تەندروستی و سەلامەتی) کە هەرسێکیان پێکەوە بە (Integrated Management System) ناودەبرێن و یەکەم جارە وێستگەیەکی کارەبا لە عێراقدا ئەم سێ بڕوانامەیە بە یەکەوە وەربگرێت.
سەعد تهيب حسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان لە وتارێکیدا لە مەراسیمی وەرگرتنی بڕوانامەکانی (ISO) رایگەیاند “ئەم بڕوانامانە پشتڕاستی دەکاتەوە کە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بازیان بە ستانداردێکی جیهانی کاردەکات و هەموو ئەو بەرپرسیارێتیانەی جێبەجێ کردووە کە رێکخراوی (ISO) داوایکردووە”.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان جەختی لەوەشکردەوە “شێوازی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی دیکەوە، قۆناغێک کە تەنها بەرپرسیارێتی یاساییمان بەرامبەر بە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار لەسەر نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی نیشتمانی و جیهانیشمان لەسەرشانە و دەبێت بە پێی ستانداردەکانی جیهانی کاربکەین”.
وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بازیان لە ساڵی 2016 دامەزراوە و لە ئێستادا لە رێگەی (4) تۆڕباینەوە 500 مێگاوات کارەبا لە گازی سروشتی بەرهەمدەهێنێت.
رێکخراوی (ISO) لە ساڵی 1947 دامەزراوە و رێکخراوێکی نێودەڵەتییە و بروانامە دەبەخشێتە ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی لە ڕووی کواڵتی و سەیفتی و ژینگەیی و خزمەتگوزاریەوە ئاستێکی بەرزیان هەیە.