ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عیراق و ئێران بەردەوام دەبێت

دەستەی دەروازە سنورییەكانی عیراق ئاشكرای دەكات، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە رێگە نادرێت هاوڵاتیان گەشت بكەن بۆ ئەو وڵاتە.

عومەر وائیلی سەرۆكی دەستەی دەرزاوە سنورییەكانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: كۆبونەوەی لیژنەی تایبەت بە رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە‌و بڕیاردراوە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ رێگریكردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە، بۆ نمونە ئەو گەشتیارە عیراقیانەی لە ئێرانن لەكاتی گەڕانەوەیاندا، دەبێت پشكنینیان بۆ بكرێت، هەروەها رێگە نادرێت گەشتیاری ئێرانی‌و بیانی سەردانی عیراق بكەن.

وتیشی: لیژنەكەیان داوا لە هاوڵاتیانی عیراق دەكات بەهیچ شێوەیەك سەردانی ئێران نەكەن، بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەردەوام دەبێت، بەمەرجێك دەبێت شۆفێری بارهەڵگرەكان پشكنینیان بۆ بكرێت.