وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی دەرکرد تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەحکومەتی هەرێم لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێنا، لیژنەکە کۆبوەوەو چەند بڕیارێکی دەرکرد و دوێنێ هەینیش بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو واژۆی لەسەر بڕیارەکان کرد.
لە بڕیارەکان هاتووە ، بەپشت بەستن بە زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوەکانی تەندروستی ئاژەڵی و رێکارەکانی لیژنەی باڵای رێگری لە ڤایرۆسی کۆڤید-19 (کۆرۆنا) COVID-19 لە حکومەتی هەرێم، پەیوەستن بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم ژورێکی تایبەتمان پێکهێنا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری.
قەدەغەکردنی زیندەوەری ئاوی و باڵندەو ئاژەڵی جوانی لەو وڵاتانەی بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڤایرۆسی کۆڤید-19 (کۆرۆنا) COVID-19 سەری هەڵداوە لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێران.
هەڵمەتی رشاندنی هۆڵەکانی ئاژەڵ و ئەو شوێنانەی ئاژەڵ و باڵندەی تیایدا دەفرۆشێت.
ئاگادار کردنەوەی نۆرینگە و شوێنەکانی کەرتی تایبەت کە مامەڵە بە باڵندەو ئاژەڵی جوانی دەکەن بە رشاندنی شوێنەکانیان.
پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری پارێزگاکان، یەکە ئیداریەکان و فەرمانگاکانی تەندروستی، ژینگەو لایەنە پەیوەندارەکان تایبەت بەم ڤایرۆسە.
رۆژانە بەدواداچوونی ورد بکرێت بۆ زانینی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتان بۆ گرتنەبەری رێکاری قەدەغەکردنی هاوردەی ئاژەڵ و باڵندە بەو وڵاتانە.
هەروەها ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیاری هاوڵاتیان پەیوەندار بە ڤێتێرنەری.