هاتوچۆی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران ئاساییه‌

بەرپرسان رایدەگەیەنن، هاتوچۆی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئێران له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ ئاساییه‌و بۆ رێگریش له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، هه‌مو رێوشوێنێكی پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر. ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ئێران دو كەس گیانیان لەدەستداوە.

لیوا مه‌ریوان شێخ كه‌مال قه‌ره‌داغی، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ی سنوری نێوده‌وڵه‌تی باشماخ ئه‌مڕۆ پێنجشەممە بە میدیای رەسمی یەكێتی راگه‌یاند: وه‌ك ده‌روازه‌ی سنوری باشماخ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ئێستادا مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و هاتوچۆی گه‌شتیاری له‌و ده‌روازه‌یه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ردو وڵات ئاساییه‌.

وتیشی: وه‌ك ئاماده‌كاریی و رێوشوێنه‌كان، بۆ رێگری له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، كه‌ له‌ ئێستادا چه‌ند حاڵه‌تێك له‌ وڵاتی ئێران تۆماركراوه‌، وه‌ك ده‌روازه‌ی باشماخ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی كه‌ خۆیان سێ بنكه‌ی تایبه‌تیان له‌ ده‌روازه‌كه‌دا هه‌یه‌، رێوشوێنی پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ رێگریكردن له‌ ڤایرۆسه‌كه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌و بابه‌ته‌ روبه‌ڕوی بنكه‌كانی ته‌ندروستی ده‌روازه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی ده‌روازه‌كه‌ به‌ گشتی كاری جددی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پێش ئه‌وه‌ی گه‌شتیار بێته‌ نێو خاكی هه‌رێمه‌وه‌، پشكنینی پێش وه‌ختی بۆ ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ش هه‌ر گومانی لێبكه‌ن ده‌یگێڕنه‌وه‌، یان رایده‌گرن هه‌تاكو پشكنینه‌كانی یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ ئه‌و كات رێگه‌ی پێده‌درێت بێته‌ هه‌رێمه‌وه‌.

هه‌رله‌و باره‌یه‌وه دانا محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندنی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: له‌  ئێستادا گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌ نێوان فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی و فڕۆكه‌خانه‌كانی وڵاتی ئێراندا به‌رده‌وامه‌و ئاساییه‌.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هه‌مو رێوشوێنێكی پێویستیان بۆ رێگریكردن له‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ گرتوه‌ته‌به‌رو خۆشبه‌ختانه‌ تائێستاش هیچ حاڵه‌تێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌بوه‌.