مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە دەروازە سنوورییەكان بڵاودەکرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەكانی چەند مەرجێکی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە دەروازە سنوورییەكان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، دەبێت بڕوانامەی COC  تایبەت بەو ئۆتۆمبێلانە بکرێت کە لە رێگەی دەروازە سنوورییەكان دەهێنرێن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەكان ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، “دوا بەدوای رێنماییمان ژمارەی (8)ی ساڵی 2019 تایبەت بە مەرجەكانی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی بەكارھاتو بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان  دراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 6ی ساڵی 2009 و ئاماژە بە ھەردو كۆنوسی ھاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ، دارایی و ئابووری لە رۆژانی 9 و 14ی مانگی 1ی ئەمساڵ لە بەرژەوەندی گشتی، بڕیارماندا بە دەرچوونی ئەم بەیانە”.

مەرجە گشتییەكانی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە دەروازە سنوورییەكان

یەکەم: بڕوانامەی COC  تایبەت بۆ ئۆتۆمبێل كە لە دەروازەی سنوری ھاوردە دەكرێن، دەبێت بڕوانامەی ئەو كۆمپانیایانەی بۆ بكرێت، كە لەو دەروازە سنورییە كاردەكات و مۆر و پشتڕاست بكرێتەوە.

دوەم: ئامێرەكانی كشتوكاڵی و بنیادنان تا رێكەوتی 15/3/2020 لەلایەن تاقیگەكانی كوالیتی دەروازە سنورییەكانەوە پێویستی بە بڕوانامەی COC نییە و داوا ناكرێت، لە دەروازە سنورییەكان پشكنینی كوالیتیان بۆ بكرێت، بەھیچ شێوەیەك رێگا نادرێت بە ھاتنە ژورەوەیان لە دوای ئەم رێكەوتە بەبێ بڕوانامەی COC، بەڵام لە دوای رێكەوتی 15/3/2020 پێویستە COC بۆ بكرێت.

سێیەم: ئۆتۆمبێل دەبێت دو ئێرباگی ھەبێت، شوفێر و تەنیشت شوفێر، جۆری پاس گوشنی شوفێر نەبێت بە یەك ئیرباگ ئاساییە و دەھێندرێتە ژورەوە.

چوارەم: ئۆتۆمبێلە كلاسیكییەكان بە ھەمان رێنمایی پێشو دێنە ژورەوە و كڕین و فرۆشتنیان پێوە ناكرێت.

پێنجەم: ھێنانە ژورەوەی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی دەبێت و كار بە ھیچ نوسراوێك ناكرێت بە واژۆی وەزیری ناوخۆ نەبێت.