بەھۆی بارینی بەفری زۆر و كەمبوونەوەی ئاستی بینین، جموجۆڵی گەشتیاریی و بازرگانی لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران – تەمەرچیان راگیرا و سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای گومرگی حاجی ئۆمەران ھۆشداری دەدات كە ئەمڕۆ بازرگان و گەشتیاران روو لە دەروازەكە نەكەن.
مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی گومرگی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران رایگەیاند: “لە دوێنێوە تا ئێستا زیاتر لە 70سم بەفر لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران باریوە و ئاستی بینین زۆر كەمبووەتەوە، بەو ھۆیەوەش ھاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران – تەمەرچیان وەستاوە”.
گوتیشی: “داوا لە بازرگان و گەشتیارانی ھەرێمی كوردستان و ئێران دەكەین، ئەمڕۆ بە ھیچ شێوەیەك روو لە دەروازەی سنووری نەكەن، جگە لەوەی بەفرێكی زۆرباریوە ئاستی بینین زۆر كەمبووەتەوە”.
ئەمساڵ بەھۆی بارینی بەفری زۆر چەند جارێكی دیكە جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە حاجی ئۆمەران – تەمەرچیان راگیراوه.