داوای راگرتنی بڕیاری وەرگرتنی پاره‌ی ھەڵواسینی لافیتە و تابلۆی سەر دوکان و شوینە بازرگانی ده‌کرێت

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند ”بابەتی وەرگرتنی ڕسووماتی تابلۆی دووکان و شوێنە بازرگانییەکان، کێشەی یاسایی تێدایە و بۆ چارەسەرکردنیشی داواکارییەک دەدەنە پەرلەمانی کوردستان”.

خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی ڕاگەیاند: “بڕیاری وەرگرتنی ڕسووماتی خزمەتگوزاریی شارەوانی لە بەرانبەر ھەڵواسینی لافیتە و تابلۆی سەر دووکان و شوینە بازرگانی و ڕێکخراوەکان، یاداشتێکمان ئامادە کردووە بەمەبەستی داوای ڕاگرتنی ئەم بڕیارە و ناردنی و بەنیازین ئاراستەی ھەریەکە لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی بکەین”.

وتیشی: “پێمانوایە ئەو بابەتە کیشەی یاسایی تێدایە، چونکە بەپێی دەستووری عێراق حکوومەت ناتوانێت سزاو باج و رسوومات بەسەر ھاووڵاتیاندا بسەپینێت لەڕێگەی دەرچواندنی یاساوە نەبێت”.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەو یاسایەی بڕیارەکە پشتی پێ بەستووە یاسای ژمارە (١٣٠)ی ساڵی (١٩٦٣)ی عێراقییە لە کاتێکدا یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ١٩٩٣ی پەرلەمانی کوردستان ھیج ئاماژەیەکی بۆ ئەو بابەتە تیدا نییە و ئەوەی پەیوەندی بە تابلۆوە ھەیە، تەنھا تابلۆی ئەو شوێنە گشتییانەیە کە شارەوانی تەرخانی دەکات بۆ ڕیکلامکردن، نەک دووکان و شوینی تایبەت و تابلۆی ریکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی”.

 سه‌رچاوه‌: باس نیوز