بازرگانانی بواری شوشه‌ ده‌ستخۆشی له‌ ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌که‌ن

ژماره‌یه‌ک بازرگان و خاوه‌نکار که‌ له‌بواری شوشه‌دا کارده‌که‌ن سه‌ردانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانیان کردو له‌لایه‌ن سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی ژوور پیشوازیان لێ کرا، بازرگانه‌کان ده‌ستخۆشی له‌ ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی-یان  کرد.

نوێنه‌ری بازرگان له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا رایگه‌یاند ”ئێمه‌ وه‌ک بازرگانانی شوشه‌ زۆر سپاسی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌که‌ین که‌ له‌ پرۆژه‌ی گه‌نجینه‌کانی ژووری بازرگانی، گه‌نجینه‌ و کۆگایان پێداوین و ئاسانکاری و هاوکاری به‌ردوامیان کردوین رێنیشانده‌رمان بوون له‌ دروستکردنی گه‌نجینه‌کاندا و ئه‌رکی خۆتان به‌ ته‌واوی به‌جێهێناوه‌، بۆیه‌ پێمانخۆش بوو سه‌ردانتان بکه‌ین و سپاس و ده‌ستخۆشی خۆمانتان پێ بگه‌یه‌نین”.

ئاماژه‌یان به‌وه‌ش کرد، ”پرۆژه‌ی گه‌نجینه‌کانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی یه‌کێکه‌ له‌ پرۆژه‌ هاوچه‌رخ و گرنگه‌کان بۆ شاره‌که‌مان که‌ له‌ هه‌موو عێراقدا هاوشێوه‌ی نیه‌، دڵنیان ده‌بێته‌ هۆی پێشخستنی زیاتری شاره‌که‌مان”.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی  وێرای به‌خێرهاتنیان رایگه‌یاند ”ئێمه‌ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆمان جێبه‌جی ده‌که‌ین و هه‌موو کاتێک ده‌رگامان کراوه‌یه‌ و له‌ خزمه‌تانداین هه‌رچی به‌ ئێمه‌ بکرێت دریخی لێ ناکه‌ین، داواکارم له‌ به‌رێزتان له‌کاتی دروستکردنی گه‌نجینه‌کاندا پابه‌ندی ئه‌و دیزاینه‌ بن که‌ به‌شی ئه‌ندازیاری ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی دایناوه‌”.

سه‌رۆکی ژوور دڵنیاییشی دایه‌ بازرگانان که‌ کۆگاکان به‌ به‌رزترین کوالیتی و ستاندری مۆدیل و سه‌رده‌میانه‌ دروست ده‌کرێت، دیزانێکی تایبه‌تی هه‌یه‌ و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌کان له‌خۆ ده‌گرێت و شه‌قامی گه‌وره‌ فروانی هه‌یه‌ و سه‌رجه‌م بواره‌کانی که‌رتی بازرگانی له‌ خۆ ده‌گرێت.