نرخی لیرە بەرانبەر بە دیناری عێراقیش دابەزیوە

ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ، دراوی توركیا بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی لە دابەزیندایە و ئه‌مڕۆ نزمترین نرخی لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا تۆمار كرد، ئێسته‌ له‌ باكوری‌ توركیا له‌ بۆڕسه‌ی‌ شاری‌ تڕابزۆن كه‌ پایته‌ختی‌ ولایه‌ته‌كانی‌ توركیا و به‌ گرنگترین شوێنی‌ توركیا له‌ بواری‌ ئابووری‌ داده‌نرێت كێشه‌یان بۆ دروست بووه‌ له‌ زۆری‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ لیره‌ به‌رانبه‌ر دۆلار.

موڕات سوڵتان له‌ بۆڕسه‌ی‌ باكوری‌ توركیا ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دۆلاری ئەمەریكا بەرزترین نرخی بەرانبەر لیرە تۆمار كرد و هەر 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 606 لیرەی توركیا ئاڵوگۆڕ كرا له‌ بۆرسه‌كانی‌ توركیا، داخستی‌ بازاڕیش چاوەڕێ دەکرێت به‌رانبه‌ر 604 لیره‌ بێت.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كان نرخی لیرە بەرانبەر بە دیناری عێراقیش دابەزیوە و ئێستە لە خوارووی 19 هەزار دیناره‌وه‌ ئاڵوگۆڕ دەكرێت.

پێویسته‌ بوترێت كه‌ نرخی لیرە لە ژێر كاریگەریی سیاسەتەكانی ئەردۆغان و هەڵگیرساندنی جەنگی جۆراوجۆر لە لایەك و سیاسەتەكانی ناوخۆی لە لایەكی تر دابەزیوە، ئه‌م دابه‌زینه‌یش به‌رده‌وامه‌، هۆكاری‌ دابه‌زینی‌ ئه‌م جاره‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ چیتر ئه‌مه‌ریكا له‌ڕووی‌ سیخوڕییه‌وه‌ هاوكاری‌ ئه‌نقه‌ره‌ ناكات، ئه‌مه‌یش بووه‌ هۆكاری‌ زیاتر شكاندنی‌ نرخی‌ لیره‌ی‌ توركی‌ له‌ بازاڕه‌كاندا.

نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە لیرە لە  سەرەتای ساڵی 2019 سەرووی 520 لیرە بووە، سەرەتای 2018 بریتی بووە لە 375 لیرە. ئەو نرخە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە 280 لیرە، لە ساڵی 2015 بریتی بووە لە 266 لیرە و لە ساڵی 2014 نرخەكەی 200 لیرە بووە.

لە شەش ساڵی رابردووەوە تا ئێستە نرخی دۆلار بەرانبەر بە لیرە  سێ هێندە گرانتر بووە و ئەمەش كاریگەریی زۆر خراپی خستووەتە سەر گەشەی ئابووری توركیا.