پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری بڵاوکردەوە

ڕاگەیەندراوێک لە پارێزگای سلێمانییەوە
دوای ڕاگەیاندنی ڕەزامەندیی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی، بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ سوپاسی هیممەت و پشوودرێژیی خەڵکی جوامێری پارێزگاکەمان و، بڕیاری بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و، هەوڵەکانی بەڕێزان سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرانی شارەوانی و دارایی و پلاندانان و ئاوەدانکردنەوە (لە هەردوو کابینەی ئێستاو پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان)و، لیژنەی باڵای پێداچوونەوەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و، پارێزگای سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و بۆردی سەرپەرشتیکردنی شەقامی سەد مەتری و هەموو ئەو دڵسۆزانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا پشتیوانی پارێزگاری سلێمانی بوون بۆئەوەی ئەم پڕۆژەیە لە بەڵێنەوە ببێتە بڕیارو پڕۆژەی جێبەجێکردن، دەکەین.
چاودێرو چاوەڕوانین، گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان، وەک لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا هاتووە، بەشێوەیەکی شیاوو شایستە ئەم پڕۆژە ستراتیژییە نیشتمانییە بە کات و کوالێتی خۆی جێبەجێ بکەن.
ئومێد دەکەین بە هیممەت و هەوڵی هەموو لایەک، پڕۆژەکان بخرێنەوە سەرپێی خۆیان و لەگەڵ دەستکردن بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی سەد مەتریدا، کاری پێویست بۆ قۆناغەکانی تری پڕۆژەکەش بکرێت، تەریب لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا؛ پڕۆژەی ئەندەرپاسەکانی سلێمانی و بەنداوی چەق چەق تەواو بکرێن و، پڕۆژەی بەنداوی خێوەتە لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر 
پارێزگاری سلێمانی
١٣ / ٢ / ٢٠٢٠