لەگەڵ زیادبوونی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤەکان، لە هەمان کاتدا ئەو ڤایرۆسە کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری چین و جیهان درووست دەکات. بەشێکی زۆری ئەو کاریگەرییانە بە هۆی خودی ڤایرۆسەکەوە نییە بەڵکو بە هۆی ئەو ڕێکارانەوەیە کە لە پێناو ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گیراوەتە بەر.
گەشتکردن بۆ شارەکانی ووهان هوبەی لە چین بە شێوەیەکی زۆر توند سنووردار کراوە و لە ئێستادا زۆرێک لە وڵاتان گەشتەکانیان بۆ چین ڕاگرتووە. ئەو ڕێکارانە تەنها کاریگەرییان لەسەر گەشتەکان نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا کاریگەری لەسەر کرێکار و بەرهەم و کاڵاکان دەبێت.
خەڵکی بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە دووردەکەونە لە چالاکی و شوێنە قەرەباڵخەکان. لەبەر ئەوە ڕێستۆرانت و سینەما و گواستنەوە گشتییەکان و شوێنە قەرەباڵخەکانی دیکە بە شێوەیەکی خێراتر دەکەونە ژێر ئەو کاریگەرییەوە. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کاتی سەری ساڵی نوێی چینیدا زیانێکی زۆری بەو کۆمپانیایانە گەیاند کە کار بۆ ئەو بۆنەیە دەکەن و لەو ڕێگەیەوە پارەیەکی زۆریان دەست دەکەوت.
لە چەندین شاری چین پشووی سەری ساڵ درێژ کرایەوە و ئەوەشی زیانی گەورەی بە کرێکاران گەیاند و نەیانتوانی بچنەوە سەر کارەکانیان. ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر وەبەرهێنان و فرۆشتن درووست کرد.
ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها کاریگەری لەسەر چین نییە بەڵکو زۆرێک لە کۆمپانیا گەورە جیهانییەکان ناچاربوون زنجیرە دوکان و کۆمپانیاکانیان لە چین دابخەن و زۆرێک لە هێڵە ئاسمانییەکان گەشتەکانیان بۆ چین ڕاگرتووە، جگە لەوە زۆرێک لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەرەکان یان لە چین درووست دەکرێن یاخود لە چین کۆدەکرێتەوە و لە ئێستادا مەترسییان لەسەرە و ئەوەش کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان درووست کردووە.