ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوادەکات هانی بازرگانان بدرێت کارگە بهێننە کوردستان و حکومەت کارئاسانیان بۆ بکات.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “لەئێستادا بازرگانان ناتوانن سەردانی ووڵاتی چین بکەن بۆ هاوردەکردنی کاڵاو شتومەک وە کارگەکانی ئەو ووڵاتەش بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەوە کارکردنیان وەستاندووە”.
راشیگەیاند “عێراق و کوردستان بازرگانیەکی فراوانیان هەیە لەگەڵ وڵاتی چین لەوانەیە ئەو بازرگانییە تارادەیەک ڕاوەستێت بۆیە ئەبێت حکومەت بەفرسەتێکی باشتر هانی کۆمپانیا و بازرگانان بدات زەمینەیان بۆ خۆشبکات بۆ دانانی سەدان کارگە و حکومەت دەبێت شارە پیشەسازیەکان بخاتە جێبەجێکردنەوە”.
جەختیکردەوە” رۆژانە بەدەیان کەس سەردانیان دەکەن کە دەیانەوێت کارگە دامەزرێنن لەبەر نەبونی زەوی و خزمەتگوزاری نەتوانن هیچ کارگەیەک دابنێن ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بۆ کوردستان و دەبێت حکومەت پەلەبکات بۆ دەسپێکردنی ناوچە پیشەسازیەکان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لەئێستادا بازرگانان بیر لەوە دەکەنەوە بەدیلی چین بدۆزنەوە تاکو کاری بازرگانیان نەوەستێت.