“چوار بەنداوی گەورە و ١٣ بەنداوی بچووک لەژێر جێبەجێکردندایە”

بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو سەربە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەکرەم ئەحمەد رایگەیاند کە لە هەرێمی کوردستان، ١٧ بەنداو و ١٠٠ حەوزی بچووک هەیە کە سەرجەمیان توانای گلدانەوەی ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە، ئاشکرایشی دەکات وەک ماستەرپلان، ٢٤٩ بەنداو دیاریکراوە لەو ژمارەیەش چوار بەنداوی گەورە هەیە کە ئێستا لەژێر جێبەجێکردندان.

ئەکرەم ئەحمەد ڕایگەیاند: “لە هەرێمی کوردستان ١٧ بەنداومان هەیە لەو ژمارەیەش سێ-یان بەنداوی گەورە و ١٤یان بەنداوی بچووک و مامناوەندن، نزیکەی ١٠٠ پۆند (حەوز)یشمان هەیە، سەرجەمیان توانای گلدانەوەی نزیکەی ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە”.

بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو سەربە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دروستکردنی پۆند و بەنداو لە پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گوتی: “وەک ماستەر پلان، شوێنی ٢٤٩ بەنداومان دیاریکردووە کە لەو ژمارەیە ١٨یان بەنداوی گەورەن، ئەوانی دیکە بەنداوی بچووک و مامناوەندن، چوار بەنداوی گەورە و ١٣ بەنداوی بچووک و مامناوەند لەژێر جێبەجێکردندایە”.

ئەکرەم ئەحمەد وتیشی: “بەنداوە گەورەکان، هەریەک لە بەنداوی باسەرە و زەلان لە سنووری سلێمانی، باوەنوور لە گەرمیان و گۆمەسپان لە هەولێر کە ئێستا لەژێر جێبەجێکردندان”.

بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو سەربە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی گوژمەی پێویست بۆ تەواوکردنی بەنداوەکان رایگەیاند “بۆ ١٢ بەنداوی بچووک و مامناوەند و یەک بیر، ٣٣ ملیار دینار تەرخانکراوە، بۆ بەنداوە گەورەکانیش بوودجەی پێویست تەرخانکراوە”.

لەبارەی وادەی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکانیش، ئەکرەم ئەحمەد وتی: “ساڵانە لە مانگی ١١ دەست بە گلدانەوەی ئاو دەکرێت بەپێی وەرزی بارانبارین تا کۆتایی مانگی پێنج و پاشان بەردانەوەی ئاو دەستپێدەکات، ساڵی پار ئاوێکی زۆر هات و بەنداوەکان پڕ بوون”.

بەنداوی دوکان بەگەورەترین بەنداو ھەژمار دەکرێت لە ھەرێمی کوردستان کە توانای گلدانەوەی شەش ملیار و ٨٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو ھەیە و لەگەڵ بەنداوی دەربەندیخان تاکە سەرچاوی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبان، ئەمساڵیش ئاو لە بەنداوی دوکان کەمییکردووە و سەبارەت بە هۆکاری کەمکردنی ئاو لە بەنداوی دوکان، ئەکرەم ئەحمەد گوتی: “ئەمساڵ وەزارەتی کارەبا داواکاریی زۆرە بۆ ناوچەکانی راپەڕین و سلێمانی و بەردانەوەی ئاومان زیاتر بووە و بارانیش کەمتر بووە”.

یەکێک لەو بەنداوانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی بەرکەوتبوو، بەنداوی دەربەندیخان بوو، سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی ئەو بەنداوەش بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو سەربە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەکرەم ئەحمەد گوتی: “زۆربەی کێشەکانی بەنداوی دەربەندیخان چارەسەرکراون، حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕە پارەیەکیان تەرخانکرد و کێشەکان چارەسەری کرا، بەڵام بە گشتی نۆژەنکردنەوەی بەنداو ساڵانە ئەگەر کێشەیەکی گەورە نەبێت دیاریی ناکرێت، مەگەر کێشەیەک رووبدات ئەوکات دەست بە نۆژەنکردنەوە دەکرێت”.

ئەکرەم ئەحمەد وتی: “پێشبینی دەکەین بەنداوە بچووکەکان هەمووی پڕ ببن، بەڵام چاوەڕوانی توانەوەی بەفریش دەکەین بۆ ئەوەی ئاستی ئاو لە بەنداوەکان دیاری بکەین”.