‘لقێکی بانکی ناوەندی عێراقی لە شاری سلێمانی ده‌كرێته‌وه‌”

هوشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت ”لە خولی رابردوی پەرلەمانی عیراق و ئەم خولەی ئێستاشدا یەکێک لەو مەلەفانەی وەک نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی بەجدی کارمان لەسەرکردوە بریتیە لە کردنەوەی لقێکی بانکی ناوەندی عێراقی لە شاری سلێمانی”.

بۆ خۆشبەختی لە دوا کۆبونەوەی فەرمیی نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان و بانکی ناوەندیدا،کە لە رۆژی ۲٦ی نۆڤەمبەری ۲٠۱۹ بەرێوەچو، بەرێز علی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق پێیراگەیاندین کە ئەوان رەزامەندیان لەسەرکردنەوەی ئەو لقە لە سلێمانی دەربریوە بۆ دەستکردن بە هەنگاوەکان پێویستیان بە داوایەکی نوسراو و فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و چاوەرێی ئەو نوسراوەن.

لای هەمو لایەک ڕونە کە بانکی ناوەندی عێراقی کۆڵەکەی سەرەکی سیاسەتی ئابوری و سیاسەتی نەختینەیی عێراقە و بانکی بانکەکانە و بونی لقی ئەو بانکە لە هەر شارێک جەدوا و سودی ئابوری و دارایی بۆ حکومەت و کەرتی تایبەت و خەڵک بە گشتی هەیە.

لە حاڵەتێکدا ئەو داوا فەرمیە نوسراوەی حکومەتی هەرێم بگاتە دەستی بانکی ناوەندی ئەوان خۆیان تەلارێک بۆ ئەو بانکە لەسەر ئەو پارچە زەویە دروست دەکەن کە پارێزگا بۆیان دابین دەکات ئەوەش سودێکی تری عمرانی دەبێت بۆ سلێمانی.

سلێمانی وەک زۆر بواری تر کێشەی نەبونی لق و بەشی زۆرێک لەو بانکانەی هەیە کە لە شارەکانی تری عێراقدا هەن ، ئەوەش لە زۆر روەوە گرفت بۆ سەرمایەداران و فەرمانبەران بەتایبەت فەرمانبەرە ئیتیحادیەکان دروست دەکا بێ بەشیان دەکا لە زۆر خزمەتگوزاری بەتایبەت(پێشینە و قەرز)،ئەو بوارە رەهەندی سیاسیی و ئابوری لە پەیوەست بەناوخۆی هەرێمدا زۆرە!لێرەدا نامەوێ باسیان بکەم بە هیوام لە دەرفەتی تردا ئەو گرفتانە رونبکەینەوە.