وەزارەتی نەوتی عێراق تێكڕای فرۆشی نەوتی لە 2019دا راگەیاند كە خۆی لە سەرووی ملیارێك و 250 ملیۆن بەرمیل نەوت دەدات و داهاتەكەیشی نزیكەی 80 ملیار دۆلارە.
وەزارەتی نەوت روونی دەكاتەوە لە ساڵی 2019دا، ملیارێك و 287 ملیۆن و 196 هەزار بەرمیل بە بازاڕ كردووە، كۆمپانیا چینی و هیندییەكانیش دیارترین كڕیارانی نەوتی عێراقن.
تێكڕای هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگێكدا 107 ملیۆن و 266 هەزار بەرمیل نەوتە، بەمەش لە رۆژێكدا سێ ملیۆن و 460 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەكان كردووە.
پهیوەند بە پرسی داهاتی عێراق لە فرۆشی نەوت كە سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی دەوڵەتی عێراقە، وەزارەتی نەوت ئاشكرای دەكات كە ئەو نەوتەی لە 2019دا فرۆشراوە، بەهاكەی 78 ملیار و 527 ملیۆن دۆلار بووە، بەمەش تێكڕای داهات لە مانگێكدا دەكاتە شەش ملیار و 543 ملیۆن دۆلار و تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێك نەوتیش 61 دۆلار و شەش سەنت بووە.
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتدا باس لە بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر بنەمای كۆمپانیاكانی نەوتیش كراوە، تێكڕای هەناردەی نەوتی كۆمپانیای نەوتی باشوور و كۆمپانیای نەوت ناوەڕاست كە بەرهەمی نەوتەكەیان لە رێی بۆڕییەوە لە بەندەرەكانی بەسڕە بە بازاڕ دەكرێت، ملیارێك و 244 ملیۆن و 957 هەزار بەرمیل نەوت بووە و داهاتەكەشی لە كۆی گشتی، 76 ملیار و 185 ملیۆن دۆلار بووە.
پێوەند بە بەرهەمی نەوتی باكور كە زیاتر خۆی لە بەرهەمی نەوتی كەركووك و مووسڵ دەبینێتەوە، لە 2019 ئەو نەوتەی لە رێی بەندەری جەیهانی توركی فرۆشراوە، گەیشتووەتە 33 ملیۆن و 359 هەزار بەرمیل، داهاتەكەشی تەنیا دوو ملیار و 33 ملیۆن بەرمیل بووە، بەرهەمی كێڵگەی گەیارەش حەوت ملیۆن و 663 هەزار بەرمیل بووە كە داهاتەكەی 250 ملیۆن و 570 هەزار دۆلار بووە.
هەر لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەو بڕە نەوتەش كراوە كە رەوانەی ئوردن كراوە، روون كراوەتەوە كە ملیۆنێك و 214 هەزار بەرمیل رەوانەی ئوردن كراوە كە داهاتەكەی تەنیا 57 ملیۆن و 429 هەزار دۆلار بووە.