ئەم هەفتەیە هەندێک لە بزنسمان و سیاسەتوانە باڵاکانی جیهان، لەگەڵ هەندێک لە کەسە بەناوبانگەکان، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس، سویسرا، کۆبونهوه.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، چالاکی گەنجی بواری کەشوهەوا گرێتا تەنبێرگ و سەرۆکی کۆمپانیای ئووبەر بۆ تەکنەلۆجیا دارا خوسرەوشاهی لە ڕیزی میوانەکاندان.
ئایا ئەم ڕووداوەی کە کەسانی دەوڵەمەند لە جیهانەوە بە فڕۆکەی تایبەت بۆی دێن لەبەر چییە و دەستەبژێرییە؟
کۆڕبەندی ئابووریی جیهان چییە؟
کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە ساڵی 1971ـەوە دەستیپێکردووە، ئامانج لێی “چاککردنی دۆخی جیهانە”.
هەموو ساڵێک لە سەیرانگەی ئالپاین سکای لە داڤۆس دەبەسترێت، کۆنفرانسەکە بزنسمانەکانیش دەخاتە هەمان ئەو ژوورەی کە کاراکتەرە سەرەکییەکانی بوارەکانی سیاسەت و ئەکادیمیا و خێرخوازی لێیە.
زۆرێکیان ئەو هەلە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی تایبەت و دوورەچاو لەسەر وەبەرهێنان لە وڵاتەکانیان ئەنجام بدەن، هەروەها وەک چانسێکیش بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی ڕێککەوتننامەی بازرگانی بکەن.
فیگەرە خاوەنپێگە و بەناوبانگەکان ئەم کۆڕبەندە بۆ کاریگەریدانان لەسەر ئەجێندانی جیهانی بەکاردەهێنن. بۆ نموونە گوتارەکەی ساڵی ڕابردووی شازادە ویلیام لەسەر تەندرووستیی ئەقڵی، یان هۆشدارییە توند و ڕەقەکەی دەیڤد ئەتێنبۆرۆ [میدیاکار و مێژوونووسی سرووشتی] لەبارەی ژینگەوە.
کێ بەشداریی داڤۆس دەکات؟
کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بە گشتی سەرنجی 3000 کەس بە لای خۆیدا ڕادەکێشێت، بەنزیکەیی یەکلەسەرسێیان کەسانی بواری بزنسن. بۆ ئەوەی لە داڤۆس بەشدار بیت، پێویستە بانگهێشت بکرێیت – لەو بارەدا بەشداریکردن لەو ڕووداوەدا بە خۆڕاییە – یان ئەندامی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بیت، کە 480 هەزار پاوەند تێچووەکەیەتی.
سەرکردەکانی جیهان، فیگەرە سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا و بەڕێوەبەری کۆمپانیا گەورەکانی وەک کۆکاکۆلا و گۆڵدمان ساکس و ئای. بی. ئێم بەشداری دەکەن.
هەندێک میوانی جێگیری وەک ملیاردێر جۆرج سۆرۆس، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا تۆنی بلەیر، خاوەنی فەیسبوک مارک زوکەربێرگ و گۆرانیبێژی ئێرلەندی بۆنۆ.
ئایا داڤۆس ڕەخنەگری هەیە؟
کۆڕبەندەکە تەنها سەرنجی کاراکتەر خاوەن دەسەڵاتەکان بەلای خۆیدا ڕاناکێشێت.
ساڵی ڕابردوو، مێژوونووسی ناسراوی هۆڵەندا ڕوتگەر برێگمان ڕەخنەی توندی لە شاندەکانی بەشدار لە کۆڕبەندەکە گرت بەوەی کە بەشێوەیەکی دادگەرانە باجی ساڵانەی خۆیان نەداوە.
زۆرجار لە کاتی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس و شارە گەورەکانی سویسرا خۆپیشاندان دەبینرێن.
چالاکانی ڕێکخراوی فێمێنی ڕادیکاڵی ئۆکرانی خۆپیشادانیان کردووە لە دژی جڵەوکردنی ئابووریی جیهان لەلایەن پیاوانەوە.
لە ساڵی 2012، بزووتنەوەی “وۆڵ ستریت داگیربکەن”، کە کەمپەینێک بوو دژبە نایەکسانی، کووخی بەفرینیان بۆ 50 خۆپیشاندەر درووستکرد.
ئایا داڤۆس دەستەبژێرییە؟
تاوەکو داڕووخانی ئابووریی ساڵەکانی 2007-2008، بەشداریکردن لە داڤۆس وەک پێویستییەکی حەتمیی گەورە و باش لێکدراوەتەوە.
بەڵام ڕەخنەگران وایدەبینن کە کۆڕبەندەکە سیمبۆلێکە بۆ “دەستەبژێرانی جیهانی”، هەندێک لەو دەستەبژێرانە لەسەر ئەو قەیرانە ئابوورییە مایەی سەرزەنشتکردنن.
ساڵی ڕابردوو، بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری تایم، ئاناند گیریدهاراداس داڤۆسی بەمشێوەیە وەسفکرد: “کۆبوونەوەیەکی خێزانی بۆ ئەو کەسانەی جیهانی مۆدیرنیان مایەپووچ کردووە”.
تەنانەت لەناو ئەو کەسانەی بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن، هەمووان بە هەمان ئاست توانای دەستڕاگەیشتن بە کار و چالاکییەکان نییە. باجە ڕەنگاوڕەنگەکان دیاریدەکەن کە کێیە دەتوانێت شانلەشانی کێ بوەستێت.
میوانە پلەباڵاکان باجێکی سپی وەردەگرن کە وێنەیەکی سێدووری لەسەرە، ئەمەش ڕێگەیان دەدات دەستیان بە هەموو شوێنەکان ڕابگات. لەلایەکی دیکەشەوە باجی “هۆتێلەکان” واتە بەهیچ شێوەیەک ناتوانیت بچیتە ناوەندی کۆنفرانسەکە.
هەروەها زاڵێتییەکی دیکە پیاوان هەیە، ئەویش زاراوەی “پیاوی داڤۆس”ـە و بووەتە نازناوێک بۆ کەسانی دەوڵەمەند، پیاوانی دەستەبژێر لەوانەن کە بەشێوەیەکی گشتی دەچنە ئەوێ. ساڵی ڕابردوو تەنها 22%ی بەشداربووانی داڤۆس ژن بوون، کە لە چاو ساڵی 2015 ڕێژەکە بەرزبووبووەوە و تەنها 15% بوو.
شوێنی کەشخەی کۆنفرانسەکە، ئەو هێلیکۆپتەرە تایبەتانەی دەنیشنەوە و هەڵدەفڕن لەگەڵ سازدانی چەندان ئاهەنگی تەخشانوپەخشان دەکرێت ئاماژەی دیکە بن بۆ ئەوەی کە کۆڕبەندەکە ڕووداوێکی تەواو تایبەتە.
بەڵام کۆڕبەندی ئابووریی جیهان دەڵێت ئامانجیان ئەوەیە کە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بهێنن و بۆ قازانجی گشتی کۆببنەوە.
قسەکەر و بەرپرسی دیسکی ئابووریی گۆڤاری فاینانشڵ تایمز، مارتین وۆڵف دەڵێت، “دەستەبژێران هەمیشە کەسانێکن دەستت پێیان ڕاناگات – ئەوەش سرووشتی خۆیانە – بەڵام دژوارە بەبێ ئەوان جیهانێکمان هەبێت. هەروەها پێویستیشە کە ئەم خەڵکانە بەشێوەیەکی ڕێکخراو کۆببنەوە و بزانن هەریەکەیان چۆن بیر دەکاتەوە”.
داڤۆس چی بەدەستهێناوە؟
زۆربەی کۆمپانیاکان ئەم ڕووداوە بۆ بەڵێنە سەرەکییەکانی خۆیان لەبارەی بابەتەکانی وەک بەردەوامیپێدان یان باشترکردنی جۆری بەکار دەهێنن.
کۆنفرانسەکە تا ئیستا چەند دەستکەوتێکی ڕاستەقینەی بەدەستهێناوە.
لە ساڵی 1988، کۆبوونەوەکانی نێوان سەرۆکوەزیرانی تورکیا و یۆنان، تورگوت ئۆزال و ئەندریاس پاپاندریۆ، وایکرد ئەو دوو وڵاتە لە لێواری جەنگەوە بگەڕێنەوە سەر پەیوەندییەکانیان.
هەروەها ساڵی 2010، هاوپەیمانیی جیهانی بۆ ڤاکسینەکان و بەرگەگرتن دژی نەخۆشی بەهۆی ئەم کۆڕبەندەوە بەرنامەیەکیان دانا بۆ ڤاکسینلێدان و بەرگەگرتنی ملیۆنان منداڵ دژی نەخۆشی.
ساتە گرنگ و سەرەکییەکانی ئەمساڵ چین؟
بەشداریی دۆناڵد ترەمپ ڕەنگە سەرنجڕاکیشترین ڕووداوی ئەمساڵ بێت، لەبەر ئەوەی ساڵی پار بەشداریی کۆڕبەندەکەی نەکرد. بڕیار وایە ڕۆژی سێشەممە وتارێک پێشکەش بکات، هەمان ئەو ڕۆژەی دادگایی لەسەرکارلادانی لە ئەنجوومەنی پیران دەستپێدەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، گرێتا تەنبێرگ بڕیارە پەیامێکی جەنگاوەرانە لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا پێشکەش بکات، دوای ئەوەی لە جیاتیی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی بە گالیسکە بە چیاکانی ئاڵپدا، کە هەمووی بەفرە، چووە بۆ داڤۆس.
ناوە گەورەکانی دیکەی کۆڕبەندەکە ئەمانە دەبن؛ سەرۆکوەزیرانی فینلەندا سانا مارین، کە لە تەمەنی 34 ساڵیدا وەک گەنجترین سەرۆکوەزیران خزمەت دەکات. هەروەها ئەستێرەی بۆڵیوود دیپیکا پادوکۆن کە وتارێک لەسەر جەنگی خۆی لەگەڵ خەمۆکی پێشکەش دەکات.