بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە ڕایدەگەیەنێت، تیمەكانی ئاوەدانكردنەوە و شارەوانی بە بەردەوامی سەرقاڵی پاككردنەوەی ڕێگا سەرەكییەكانن.
حەمید بارام بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە ڕایگەیاند، ناوچەی هەورامان ناوچەیەكی سارد و شاخاوییە و لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی شەپۆلێكی بەفر و بارانی بەهێز دەبێتەوە، بەڵام لیژنەكان بە بەردەوامی كارئاسانی بۆ هاوڵاتیان دەكەن.
وتیشی ”تیمەكانی شارەوانی و كۆمپانیای گارێكس و لیژنەكانی سەر بە ناحیەی بیارە و بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی هەڵەبجە بەردەوامن لە پاكردنەوەی ڕێگاوبانەكان و هاتوچۆی هاوڵاتیانیش بە بەردەوامی هەیە وخاڵی سنووری شوشمێش هاتوچۆی بازرگانی تێدایە و تا ئەمساتە نەمانهێشتووە هیچ كێشەیەك دروستببێت”.
سەبارەت بە كەمبوونەوەی هاتوچۆی شۆفێران و دابەزینی ئاستی بازرگانی لە خاڵی سنووری شوشمێ، ناوبراو به خهلكی ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك بەفر بارینەكە كاریگەری لەسەر كەمكردنەوی هاتوچۆی شۆفیران و ئاستی بازرگانی نەبووە.