بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیاكان، ئاماری ساڵی ڕابردووی كۆمپانیا تۆمار كراوەكان ئاشكرا دەكات كە ژمارەی كۆمپانیاكان بۆ دوو هێندە زیادی كردووە.
ئەمڕۆ یەكشەممه 12ـی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیاكانی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، ئاماری تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە ساڵی 2019 زۆر زیادی كردووە و كۆمپانیاكان بەردەوامن لە تۆماركردن.
ڕوون كراوەتەوە، كۆمپانیا نیشتمانییەكان كە لە ساڵی 2019 لە هەولێر تۆمار كراون، بریتین لە هەزار و 175 كۆمپانیای جۆراوجۆر.
باس لەوەش كراوە، تۆماری لقی كۆمپانیای بیانییەكان 55 كۆمپانیا بووە، بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەی تۆماركردنی كۆمپانیاكان دوو هێندە زیادی كردووە، لە ساڵی 2018 كۆمپانیا نیشتمانییەكان 622 كۆمپانیا بوون و لقی كۆمپانیا بیانییەكان 28 كۆمپانیا بوو.
ڕوون كراوەتەوە، لە ساڵی 2017 كۆمپانیا نیشتمانییەكان 710 كۆمپانیا بوون و لقی كۆمپانیا بیانییەكان 21 كۆمپانیا بووە.
دوای باشبوونی دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان، گەڕانەوەی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە و چەندان كۆمپانیا ئێستە نووسینگەی نوێیان كردووەتەوە.