سلێمانی- ئاماری ساڵانه‌ی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان راگه‌یه‌ندرا

به‌راورد به‌ ساڵانی پێشتر سه‌ردانی لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت له‌ ساڵی 2019 زیادی كردووه‌ و رێژه‌ی داخستن و سه‌رپێچی و ئاگاداركردنه‌وه‌كانیش به‌رزبونه‌ته‌وه‌ و قائیمقامی سلێمانیش ده‌ڵێت ئامانجمان كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌رپێچییه‌كان و پاراستنی سه‌لامه‌تی ته‌ندروستی هاوڵاتیانه‌.

ئه‌مرۆ 9-1-2020 به‌ ئاماده‌بوونی د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر- پارێزگار و ئاوات محه‌مه‌د- قائیمقامی سلێمانی و به‌رێوبه‌ری فه‌رمانگه‌ و به‌رێوبه‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و ئه‌ندامانی باڵای لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت، كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ دیوانی قائیمقامیه‌تی سلیمانی به‌رێوه‌چوو كه‌ ئامانج لێی گفتوگۆكردن بوو له‌باره‌ی كاری لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان و هاندانیان بۆ كاری باشتر، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا پارێزگاری سلێمانی ده‌ستخۆشی له‌ قائیمقام و ته‌واوی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان كرد كه‌ له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا كاری باشیان بۆ پاراستنی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی هاوڵاتیان كردووه‌ و شوێنده‌ستیان به‌ته‌واوی دیاره‌، پشتگیری و هاوكاری خۆیشی بۆ كاره‌كانیان ده‌ربڕی و هانیدان به‌ وردتر و له‌خۆبوردوویی زیاتره‌وه‌ كاره‌كانیان له‌م ساڵدا ئه‌نجام بده‌ن، چونكه‌ هه‌موو لیژنه‌كان بوون به‌ پارێزه‌ری هاوڵاتیان و جێگه‌ی شانازین بۆ حكومه‌ت.

لای خۆیه‌وه‌ قائیمقامی سلێمانی سه‌ره‌ڕای ده‌ستخۆشی له‌ كاری لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان، سوپاسی ته‌واوی فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی كرد كه‌ هاوكاری قائیمقامیه‌ت بوون و به‌شداری كارایان له‌ لیژنه‌ كاندا هه‌بووه‌.
دواتر ئاوات محه‌مه‌د- قائیمقامی سلێمانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ژماره‌ی سه‌ردانه‌كان له‌ ساڵی 2019دا زیاتر له‌ (52)هه‌زار بوووه‌ و له‌ 2018دا (39)هه‌زار بووه‌، پسوڵه‌ی سه‌رپێچی له‌ 2019دا (5)هه‌زارو (379) بووه‌، له‌ 2018دا (3)هه‌زارو (291)بووه‌. ئاگاداركردنه‌وه‌ (8)هه‌زارو (709)بووه‌ له‌ ساڵی پێشتردا (4)هه‌زارو(913)بووه‌. داخستن (343)بووه‌ و پێشتر (244)بووه‌. ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2019دا (116) شوێن و كه‌س دراون به‌ دادگا، به‌ڵام له‌ ساڵی 2018دا ژماره‌كه‌ (24)بووه‌.

هه‌ر له‌ ساڵی 2019دا لیژنه‌ی له‌ناوبردن (1)ملیۆن و (143)هه‌زار و (854)تۆن خۆراك و شمه‌ك له‌ناوبراون، به‌ڵام له‌ساڵی 2018دا كه‌متر بووه‌، به‌جۆرێك (538)هه‌زار و (362)تۆن له‌ناوبراوه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و پارانه‌ی كه‌ وه‌كو غرامه‌ وه‌رگیراون و بوون به‌ داهاتی گشتی، له‌ ساڵی 2019دا (255)ملیۆن و (25)هه‌زار دینار بووه‌، به‌ڵام له‌ساڵی 2018دا (223)ملیۆن دینار بووه‌.

هه‌رله‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا قائیمقامی سلێمانی رایگه‌یاند: له‌م ساڵدا ژماره‌ی لیژنه‌كانمان زیادكردووه‌ و ژماره‌ی سه‌ردانه‌كانیشمان زیاتر ده‌كه‌ین، به‌وهیوایه‌ی ژماره‌ی سه‌رپێچییه‌كان كه‌متر ببنه‌وه‌ و هاوڵاتیان زیاتر هاوكاربن به‌وه‌ی كه‌ پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌ ته‌ندروستی و ژینگه‌ییه‌كان بن.