لە درێژەی كارو چالاكییەكانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا،دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا بە یاوەری زانا كوردە ڕاوێژكاری نوێنەرایەتی، سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای كرد بە مەبەستی بەشداربوون لە كۆبوونەوەی مانگانەی لیژنەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ كاروباری عێراق و سازدانی زنجیرەیەك دیدار و چاوپێكەوتن لەگەل پەرلەمانتاراندا، لەوانە سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئەوروپا خاتوو ‘باربارا لۆخبیلەر’.
لەوبارەیەوە دلاوەر خالی ئاژگەی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند:”لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ‘ستروان ستیڤنسن’ سەرۆكی لیژنەكە باسی لە بارودۆخی ساسی و ئاسایشی عێراق كرد و نیگەرانی پەرلەمانی ئەوروپای دەربڕی بەرانبەر تێكچوونی ڕەوشی ئاسایش و ئەو كووشتارە بە كۆمەڵەی كە لە چەند ڕۆژی رابردوودا لە چەند ناوچەیەكی عێراق (كەمپی لێبەرتی) ڕوویاندا. ستیڤنسن هۆكاری ئەو ڕەوشەی گەڕاندەوە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لە ژێر كاریگەریی تەواوی ئێراندایە و بۆ سەلماندنی ئەوەش ستیڤنسن ئاماژەی بە سەردانێكی دەسەڵاتداری ئەمنی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق كرد كە لە پاش سەردانەكەی ئەو ڕەوشەكە تێكچووە. لە بەشێكی دیكەی ووتەكانیدا ستروان ستیڤنسن ئاماژەیكرد بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و دڵگرانی خۆی بۆ ئەو ڕاستییە نیشاندا كە لە هەندێك ناوچەدا نەتوانراوە دەنگ بدرێ و هاوكات لە هەندێك ناوچەی دیكە ڕێژەی دەنگدان زۆر كەم بووە. وەك نمونەیەكیش بەغدای پایتەختی هێنایەوە كە بە پێی چەند سەرچاوەیەك ڕێژەی دەنگدان لە نێوان 15 بۆ 25% بووە كە ئەمەش، بە بۆچوونی پەرلەمان، ڕەوایی هەڵبژاردنەكان دەخاتە گوومانەوە.
گوتیشی:” هەر هەمان رۆژ لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەوروپا چاومانكەوت بە بەڕیز خاتوو ‘باربارا لۆخبیلەر’ سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئەوروپا.
لە سەرەتای دیدارەكەدا كوورتەیەكمان لە سەر باردۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی پێشكەش كرد و پاشان باسمان لە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە كوردستاندا كرد ئاماژەمان بە كۆمەڵێك هەنگاو وبڕیاری گرنگی حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كرد لەوانە لابردنی حوكمی لەسێدارەدان كە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا كاریپێناكرێ.
لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا باس لە پرسی جینۆسایدی گەلی كورد كرا و لەو بارەیەوە داوای پشتگیری لیژنەی مافی مرۆڤمان كردو هیوامان خواست كە پەرلەمانی ئەوروپا جینۆسایدی كورد بە فەرمی بناسێنێ. لە لای خۆشیەوە خاتوو لۆخبیەر وێڕای دەربرینی خۆشحاڵی بە پێشكەوتنی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستاندا، بە هەندەوە باسی لە پرسی جینۆسایدی كورد كرد و ڕایگەیاند كە یەكێتی ئەوروپا دەبێ هەموو هەوڵێكی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی نەهامەتی و كارەساتەكانی ڕابردوو كە
بە سەر كورد و كەمەنەتەوەییەكانی دیكەی عێراقدا هاتوون، جارێكی دی دووبارە نەبنەوە. لە كۆتاییدا سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئەوروپا پشتگیری خۆی بۆ هەوڵەكانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و بەڵێنیدا كە ئەوە وەك سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ، پرسی جینۆساید لە نێو پارتەكەی خۆی و لە لیژنەی مافی مرۆڤی
پەرلەمانیشدا بخاتە بەر باس و لێكۆڵینەوە.
كۆبوونەوە لەگەڵ پەڕلەمانتارو سیاسەتمەداری دیار ‘چارڵس تەنۆك’
نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی هاوڕێی، لەگەڵ پەرلەمانتاری ئەوروپی و كەسایەتی دیاری پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بەڕێز ‘چارلس تەنۆك’ ئەنجام دا.
لە میانەی ئەو كۆبوونەوەیەدا گەلێك پرسی جیا باسیان لێوەكرا. نوێنەری حكومەتی هەرێمی كورردستان بە ووردی بارودۆخی ئێستای هەریمی كوردستانی شیكردەوە و ئاماژەیكرد بەو ڕەوشە لەبارەی كە لە ناوچەكانی دیكەی عێراقدا سەریهەڵداوە كە پێچەوانەی ڕەوشی ئارام و سەقامگیری كوردستانە. هەر لە چوارچێوەی ئەو باسەدا، دلاوەر ئاژگەیی ئاماژەیكرد بە سیاسەتی نەوتی حكومەتی هەڕیمی كوردستان و گرنگیی هەرێمی كوردستان بۆ ئاسایشی ووزەی ئەوروپا. لەلای خۆشیەوە چاڕلس تەنۆك پشتگیری تەواوی خۆی بۆ هەریمی كوردستان و دۆزی كورد بە گشتی نیشاندا و ڕاشكاوانە ڕایگەیاند كە ئەو لە پێگەی هەرێمی كوردستان و تەنانەت لە بڕیاردان لە سەر سەربەخۆیی كوردستانیش تێدەگات و پشتگیری لێدەكات. تەنۆك هەروەها بە ڕاشكاوانە گووتی كە ئەگەر هات و كوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێ ئەوا بەشێكی زۆر لە ووڵاتان و سیاسەتمەدارانی ئەوروپا پشتگیری لێدەكەن.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە پرسی بەجینۆسایدناساندنی هەڵەبجە و ئەنفال كراو لەو ڕووەوە چەند بیرۆكە پێشنیارێك تاوتوێكران و چارلس تەنۆك پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ئەو ستراتیژە نیشاندا كە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە دای ڕشتووە