بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق رایدەگەیێنێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتییە و لەگەڵ هێوربوونەوەی دۆخەکە نرخ جێگیردەبێتەوە.
عابد ساڵح، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێکی زۆری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پەیوەندی بە بارودۆخی عێراقەوە هەیە، بەتایبەت بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزەبیانییەکان و گوتیشی، لەگەڵ هێوربوونەوەی دۆخەکە نرخی دۆلار جێگیر دەبێتەوە و 100 دۆلار لە نزیک 120 هەزار دینار جێگردەبێت.
بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پەیوەندی بەوەوە هەبوو ئەم چەند رۆژەی رابردوو پشوو بووە و بانکی ناوەندی دۆلاری نەخستووەتە بازاڕەوە، لەگەڵ ئاساییبوونەوەی دەوام بڕی پێویست دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە و کاریگەری گەورەی لەسەر دابەزاندنی نرخی دۆلار دەبێت.
لەدوای دەنگدان بە کردنەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە پەرلەمانی عێراق و تویتێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نرخی 100 دۆلار بۆ نزیکەی 122 هەزار و 900 دینار بەرزبووەوە و ئێستا 100 دۆلار بە 122 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.