کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت کارمەندانیان لە عێراق دەکێشنەوە


سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی بەسڕە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: “کۆمپانیا بیانییەکان کە لە کێڵگە نەوتییەکان کار دەکەن، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسڕەوە کارمەندەکانیان دەکێشنەوە، ئەمەش وەک مەترسییەکە لە کاردانەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی”.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت  راگەیاند، کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسڕەوە دەیان کارمەندی خۆیان کشاندووەتەوە، ئەمەش وەک مەترسییەک لە کاردانەوەکانی کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی دێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە کشانەوەی کارمەندان کاریگەری لەسەر کارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت ناکات.

کۆمپانیا بیانییە زەبەلاحەکانی بواری نەوت لە سەروویانەوە کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی لە پارێزگای بەسڕە وەبەرهێنان لەبواری نەوت ئەنجام دەدەن.