دیارترین ڕووداوە ئابوورییەکانی ساڵی ٢٠١٩

ساڵی ٢٠١٩ لێوانلێو بوو لە ڕووداوی ئابووریی جیهانی، پسپۆڕانیش باسیان لە نۆ ڕووداوی ئابووری کردووە، کە هەر سێ ڕووداوێکیان پەیوەندی بە ناوچەیەکی جیهانەوە هەبووە و کاریگەریی گەورەی کردووەتە سەریان، ئەو سێ ناوچەیەش ئەمریکا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئابووریناس و مامۆستای پەیمانگی لێکۆڵینەوە ڕؤژهەڵاتییەکانی سەر بە ئەکادیمیای زانستەکان لە ڕووسیا، ڤلادیمێری ئیسایف، پێی وایە، “هێرشی فڕۆکە بیفڕۆکەوانەکان بۆ سەر پاڵاوگەکانی سعودیە و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێو ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ڕووسیا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی”، گرنگترین ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٩ن.

وتیشی، “هێرشەکەی سعودیە، پێش هەموو شتێک لەرزۆکی سعودیەی لەبەرانبەر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پیشاندا. وەک دەشزانرێت، هێرشی فڕۆکەی بێفرؤکەوان، چەکی هەژارەکانە. ڕاستییەکەش ئەوەیە هەڕەشەکە تەنها لەسەر پاڵاوگە نەوتییەکان نەبوو، بەڵکو بەگشتی لەسەر سیستمی ئاسایشی سعودییە بوو”.

پسپۆڕەکە وتووشیەتی، “ڕووداوی دووەم، ناکۆکیی ناو ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو بوو، کە بووە هۆی بەریەککەوتنێکی توندی نێو وڵاتانی کەنداو، ئەمەش دوای ئەو گەمارۆ ئابوورییەی لەلایەن وڵاتانی دیکەی کەنداوەوە خرایە سەر قەتەڕ، کە قورسە بتوانرێت ماوەی تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەی ئێستا تێبپەڕێنرێت”، ڕووداوی سێیەمیش، “هەنگاونانی وڵاتە عەرەبییەکانە بەرەو هاریکاریی ئابووری لەگەڵ ڕووسیا، سەرەڕای هاریکاریی سەربازیی تەکنیکیش، کە ناتوانرێت پشتگوێبخرێت”.

ئەوروپا

ئەناتۆلی بازان، سەرۆکی بەشی توێژینەوە ئابوورییەکان لە پەیمانگی ئەوروپای سەر بە ئەکادیمیای زانستەکان، وتی سێ گرنگترین ڕووداوە ئابوورییەکانی ئەوروپا، چوونەدەرەوە بەڕیتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، توانەوەی شەختەی لووتکەی نۆرماندی و بۆرییەگازی نۆردیک-٢ـە، کە ئەمەی کۆتاییان لە قۆناغی کۆتاییدایە”.

بازان وتی، “یەکەم ڕووداو، کە چوونە دەرەوەی بەڕیتانیایە لە یەکێتیی ئەوروپا، بەهۆی سەرکەوتنی حزبەکەی بۆریس جۆنسن لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڕیتانیای بەتەواوی کەوتووەتە سەر ڕێڕەوی برێکست. پێم وایە ئەم ڕووداوەی ساڵی ٢٠١٩ گەورەترین سزا بەسەر ئابووریی ئەوروپادا دەدات. ڕووداوی دووەم لووتکەی نۆرماندییە، سەرەڕای ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەییمان لە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و یەکێتیی ئەوروپا و ئۆکرانیادا نەبینی، بەڵام بەرەوپێشچوونەکە بەکردەیی دەستیپێکردووە. شەختەی پەیوەندییەکانی ئەو سێ لایەنە، بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیشەوە، کەمێک تواونەتەوە. ڕووداوی سێیەمیش، تەواوکردنی بۆرییەگازێکی نوێی ڕووسیایە بۆ ئەوروپا، کە بووەتەهۆی پەرەسەندنی ناکۆککییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا. بەڵام ئەمە سوود بە ڕووسیا دەگەیەنێت، بەوپێیەی هیچ کێشەیەکی لە فرۆشتنی وزە بە وڵاتە ئەوروپییەکان نابێت ، سەرەڕای ئەو سزایانەی بەسەریدا دراون”.

ئەمریکا

ئابووریناس و توێژەری گەورەی پەیمانگاکانی ئەمریکا و کەنەدا، ڤلادیمێر فاسیلیف، پەرەسەندنی بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا و گواستنەوەی سەرمایەی ئەمریکا بۆ ئابوورییەکەی و زیادبوونی کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا، دیارترین ڕووداوە سەرەکییەکانن.


ڕووداوی یەکەم، پەرەسەندنی بازاڕی پشکەکانی ئەمریکایە کە بەڕێژەی لە سەدا ٤٠ پەرەیسەندووە. دووەم ڕووداویش گواستنەوەی سەرمایەیەکی گەورەی ئەمریکایە بۆ ناو ئابوورییەکەی، کە بڕەکەی بە دوو ترلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. سێیەم ڕووداویش، قەیرانی چڕی سیستمی دابینکردنی خەرجیی حکوومەتی فیدڕاڵی ئەمریکایە. بەوپێیەی داهاتی ساڵانەی تاک و بودجەی فیدڕاڵیی ئەمریکا، کورتهێنانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە. لە ساڵی ٢٠١٩، ئەمریکا تەنها لە دانەوەی قەرزەکانی ٤٢٣ ملیار دۆلار سوودی داوەتەوە، دانەوەی ئەم سوودانەی سەر قەرزەکانی زیاتر پەرەدەستێنێت و لە ساڵی داهاتووشدا بەرەوپێشدەچێت”.