بە مەبەستی پتەو كردنی پەیوەندیەكان و گفتووگۆكردن لە سەر رەوشی ناوخۆی هەرێم و عێراق ،دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكومەتی هەریمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا ،بە یاوەری زانا كوردە ڕاوێژكاری نوێنەرایەتی، سەردانی پەڕلەمانی ئەوروپای كرد.
لەوبارەیەوە دلاوەر ئاژگەی نوێنەری حكومەتی هەریمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا راگەیاند:”لە یەكەم وێستەگەی سەردانەكەدا، چاومان كەوت بە ‘ئەلیخۆ ڤیدال كوادراس’ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا. لە سەرەتادا ڤیدال كوادراس پیرۆزبایی لێكردین بە بۆنەی دەستبەكاربوونمان وەك نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا و هیوای سەركەوتنی بۆخواستین لە كارەكاندا .
وتیشی:”لە میانەی ئەو دیدارەدا چەند تەوەریكی گرنگ سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەریمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپا و بارودۆخی هەریمی كوردستان و عێراق بە گشتی باسیان لێوەكرا.
لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای عێراقدا، ڤیدال كوادراس نائومێدی خۆی بەرامبەر ئەو ڕەوشە دەربڕی كە لە سایەی حوكمڕانی نادیموكراتیانەی نوری مالكی سەرۆكوەزیراندا عیراقی بەرەو لێواری هەڵدێر و لێكترازانی سیاسی و كۆمەڵایەتی بردووە. لەو چوارچێوەیەدا جیگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژەی بەو جیاوازییە ئاشكرایە كرد كە لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدا، لە نێوان هەریمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراقدا بەدی دەكرێ و لەو بارەیەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا بە بایەخەوە باسی لە ڕۆڵ و سەركردایەتی بەهێزی سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان و
بەرقەراركردنی ئاشتی لە سەرانسەری عێراقدا ڕۆڵی مێژوویی و بنیادنەری گێڕاوە.
ئاژگەی وتیشی:”ئێمەش لە لای خۆمانەوە سوپاسی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپای كرد بۆ دۆستایەتی و دەربڕینی ئەو پشتگیرییە بەردەوامەی كە بەڕیزیان لە گەل و سەركردایەتی هەرێمی كوردستانی كردووەو هیوای خواست كە ڤیدال كوادراس بە یاوەری شاندێكی پەرلەمان، لە داهاتوویەكی نزیكدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەڕلەمانی ئەوروپا باسیان لێوەكرا و لەو چوارچێوەیەدا چەند پێشنیاو پرۆژەیەك بۆ كاری هاوبەش، بە تایبەتی لە بواری ناساندنی جینۆسایدی گەلی كورددا، تاوتوێكران.
نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ دلاوەر ئاژگەیی چاوی كەوت بە ‘نیكۆلۆ ڕیندالدی’ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و جێگری سەرۆكی ‘لیژنەی بازرگانی نێودەوڵەتی’ لە پەرلەمانی ئەوروپا. لە میانەی ئەو دیدارەدا پێشكەوتنی باوردۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان وپەیوەندییە بازرگانییەكانی هەرێم لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ و یەكێتی ئەوروپادا باسیان لێوەكرا. لە سەرەتادا دلاوەر ئاژگەیی ئاماژەیدا بەو سامانە فراوانە سروشتییەی كە هەریمی كوردستان هەیەتی و باسی لە سیاسەتی كاریگەریی حكومەتی هەرێم كرد لە بوارەكانی ووزە و وەبەرهێناندا كە هەریمی كوردستانیان كردۆتە یەكێك لە كاراكتەرە گرنگە نێودەوڵەتییەكانی بواری ووزە. دلاوەر ئاژگەیی هێمای كرد بە كەشی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و بە كەشێكی پڕدەرفەتی وەسفكرد بۆ بەدەتهێنانی قازانجی زۆر و خولقاندنی هەلی كار بۆ كۆمپانیا ئەوروپییەكان. هەر لەو ڕوانگەیەوە ئاژگەیی هیوای خواست كە دامەزراوەكانی یەكێتی ئەوروپا، بەتایبەتی پەرلەمان، ڕۆڵێكی كاراتر بگێڕن لە هاندانی كۆمپانیا ئەوروپییەكان بۆ وەبەرهێنان لە هەریمی كوردستان دا.
لە لای خۆشیەوە نیكۆلۆ ڕیندالدی ڕایگەیاند كە ئەوان لە پەڕلەمانی ئەوروپا ئاگاداری ڕەوتی پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانن و بە هەندو بایەخەوە دەڕواننە ڕەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان. لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا میكانیزمەكانی باشكردن و فراوانكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نیوان یەكێتی ئەوروپا و هەرێمی كوردستان باسیان لێوەكرا و لەو چوارچێوەیەدا نیكۆلۆ ڕیندالدی ئامادەباشی خۆی و لیژنەی بازرگانی پەرلەمانی نیشاندا بۆ كاری هاوبەس و گرتنەبەری هەر هەنگاوێكی پراكتیكی لە پێناو قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
هەرهەمان رۆژ شاندەكەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا چاویان كەوت بە ، خاتوو ‘یوانا سینەژین’ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و جێگری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەڕلەمانی ئەوروپا كەوت. لە سەرەتادا خاتوو سینەژین پیرۆزبایی لە دلاوەر ئاژگەیی كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی وەك نوێنەری حكومەتی هەریم لە یەكێتی ئەوروپا. لە لای خۆشیەوە دلاوەر ئاژگەیی سوپاسی بێپایانی خاتوو سینەژینی كرد كە وەك دۆستێكی ڕاستەقینەی كورد پشتگیری لە هەرێمی كوردستان ودۆزە ڕەواكەی كردووە بە تایبەتی لە بواری ناساندنی جینۆسایدی گەلی كورددا. لەو مینایەدا بەڕیز دلاوەر ئاژگەیی جاریكی دی سوپاسی خاتوو سینەژین-ی كرد بۆ هاوكاریكردنی نوێنەرایەتی لە ڕێكخستنی ئەو پێشناگا وێنەییەدا كە سەبارەت بە جینۆسایدی گەلی كورد مانگی ڕابردوو بۆ ماوەی هەفتەیەك لە پەڕلەمانی ئەوروپا سازكرابوو.
هەر لە میانەی ئەو ئێوارەخوانەدا باس لە پڕۆژەی بەفەرمی ناساندنی جینۆسادی كورد لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە كرا و لەو میانەیەدا ڕێكار و هەنگاوە پێویستەكانی ئەو پرۆسەیە تاوتووێ كران و هەردوولا كۆك و هاوڕا بوون لەسەر پێویستی دانانی گروپێك لە ‘دۆستانی كورد’ بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پرسە لە پەرلەمانی ئەوروپادا. دانیشتنەكە بە تاوتوێكردن چەند پێشنیارو بیرۆكەی دیكە بۆ كاری هاوبەش كۆتایی پێهات.