وه‌زاره‌تی ناوخۆ بڕیارێکی نوێ له‌باره‌ی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو ده‌ركرد


وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری له‌باره‌ی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو ده‌ركردوو رایگەیاند، له‌ ١-١-٢٠٢٠ه‌وه‌ ته‌نها ڕێگه‌ به‌ئۆتۆمبێلێ بێلێدراو و كیلۆمه‌تر سفر ده‌درێت هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گومرگی هه‌رێمی کوردستان ‌نوسراوێكی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گومرگییه‌كان کردووە و رایگه‌یاندووه‌، “سه‌باره‌ت به‌ئۆتۆمبێلی (لێدراو، چاككراو، ژێرئاو كه‌وتو) له‌ ١-١-٢٠٢٠ەوە هاورده‌ی هه‌رێم ناكرێت، ته‌نها ئۆتۆمبێلی بێ لێدراو (كلین تایتڵ) كه‌ هیچ جۆره‌ لێدراوێكی پێوه‌ نه‌بێت و ئۆتۆمبێلی كیلۆمه‌تر سفر به‌پێی مۆدێله‌ ڕێگه‌پێدراوه‌كان و ڕاپۆرتی (Carfax) و به‌بڕوانامه‌ی (coc) ڕێگه‌ی هاورده‌كردنی پێده‌درێت”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هه‌ركه‌س و لایه‌نێك سه‌رپێچی ئه‌و بڕیاره‌ بكات ڕێكاره‌كانی یاسایی به‌رامبه‌ر وه‌رده‌گیرێت و ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌گه‌ڕێندرێته‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ لێی هاورده‌كراوه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر به‌رپرسانی هاتوچۆ زۆری ژماره‌ی قوربانیانی هاتوچۆیان بۆ بونی ئۆتۆمبێلی لێدراو گه‌ڕانده‌وه‌و جه‌ختیانكرده‌وه‌، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ لێدراوانه‌ی كه‌ به‌مواسه‌فاتی كه‌نه‌دی و ئه‌مریكی ناوده‌برێن مه‌رجی سه‌لامه‌تیان تێدا نه‌ماوه‌و زۆربه‌شیان توره‌كه‌یی هه‌واییان ته‌قیوه‌.